چوارچێوەی هەماهەنگی ستایشی کشانەوەی مالیکی و سودانی دەکات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

 

چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆژی دووشەممە کاندیدکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕاگەیاند، هاوکات ستایشی کشانەوەی سودانی و مالیکی لە کێبڕکێیەکە کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆبوونەوەیەکی گرنگی لە کۆشکی بەغدا ئەنجامداوە، سەرکردەکانی چوارچێوەکە ستایشی ئەدای حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانییان کرد لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا، تیشکیان خستە سەر ڕێبازی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی حکومەتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. هەروەها دەستخۆشییان لە دەستکەوتەکانی بەرنامەی حکومەت کرد، بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدان، و گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیانی عێراق بە سیستەمی سیاسی و هەڵبژاردن بە ڕوونی لە بەشداریکردنی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەماندا دەرکەوت”.

چوارچێوەی هەماهەنگی ستایشی "هەڵوێستی بەرپرسیارانە و مێژوویی"ی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد لە کشانەوەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

چوارچێوەکە ڕایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە پابەندبوونیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکان دووپات دەکاتەوە، ئاسانکاری دەکات بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستووی سیاسی، و دەرفەتێک بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دەڕەخسێنێت.

 

ئەوەش هاتووە، زەیدی وەک کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵبژێردرا، بەو پێیەی گەورەترین فراکسیۆنە لە ئەنجومەنی نوێنەران.