شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لەعەلی زەیدی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ كرد و داوای کرد هەموو لایەنەکان هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی و چەسپاندنی سەقامگیری چڕبکەنەوە.
نوسینگەی سودانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كەمحەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لەعەلی فالح کازم زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە خرایەڕوو و هەردولا بیروڕایان لەسەر ئایندەی سیاسیی وڵات و گۆڕانکارییەکان ئاڵوگۆڕ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان هەموو لایەنە نیشتمانییەکان و کارکردن بەگیانی بەرپرسیارییەتی کرایەوە، هەردولا کۆک بون لەسەر ئەوەی کە دەبێت حکومەتی داهاتوو نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات و خاوەن لێهاتوویی و توانای پێویست بێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو تەحەددی و تەنگژە ئەمنیی و ئابورییانەی بەرۆکی وڵاتەکەیان گرتوە.
لەدرێژەی ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتوە، كە محەممەد شیاع سودانی پەرۆشیی خۆی و پشتیوانیی حکومەتەکەی بۆ عەلی زەیدی دەربڕی بەمەبەستی سەرخستنی ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە چەسپاندنی پرەنسیپی دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بەپێی میکانیزمە دەستوری و دیموکراسییەکان، بنەمایەکی سەرەکییەو داوای کرد هەموو لایەنەکان هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی و چەسپاندنی سەقامگیری چڕبکەنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی بەکۆی دەنگ عەلی زەیدی وەک کاندیدی فەرمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریكرد.