ئیماڕات لەئۆپێک و ئۆپێک پڵەس کشایەوە

ئابوری

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەبڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، ئیماڕات بڕیاریدا لەرێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بکشێتەوە، ئاشكراشیكردوە، كە بڕیارەكەلە 1ی ئایاری 2026ـەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

 
دوی ئەوەی ئیماڕات بڕیاریدا لەرێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بکشێتەوە، لەبارەی بڕیارەكەیەوە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بڕیاری کشانەوەیان لەئۆپێک و ئۆپێک پڵەس لە 1ی ئایاری 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ڕاشیگەیاندوە،" كەئەم بڕیارە دوای پێداچونەوەیەکی ورد بەسیاسەتی بەرهەمهێنان و تواناکانی وڵاتەکە دراوە و لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دیدگەی ئابوریی درێژخایەنی ئیمارات دەگونجێت".
 
ئیمارات ئاماژەی بەوە کردوە، بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەکەنداوی عەرەبی و تەنگەی هورمز، کە کاریگەرییان لەسەر رەوتی دابینکردنی وزە هەبوە، دەیانەوێت بەشێوەیەکی کاریگەرتر وەڵامی پێداویستییە بەپەلەکانی بازاڕ بدەنەوە.

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، كەسەقامگیریی سیستمی وزەی جیهان بەندە بەدابینکردنی نەوت بە نرخێکی گونجاو، بۆیە ئیمارات وەبەرهێنانی زۆری لەم بوارەدا کردوە.
  
دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە پابەندیی ئەوان بۆ سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکان ناگۆڕێت و بەردەوام دەبن لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت، غازو وزە نوێبوەوەکاندا".
 
وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەتە بە نەوت، لەلایەن وڵاتانی ئێران، ڤەنزوێلا، عێراق، سعودیە و کوێت، بە ئامانجی سنوردارکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت و یارمەتیدان بە گرانترکردنی، لەبەغدا دامەزرا.
 
ئەندامەکانی ئۆپێک پێکهاتووە لە هەریەکە لە (سعودیە، قەتەر، ئێران، کوێت، عێراق، ئیمارات، جەزائیر، ئەنگۆلا، لیبیا. نەیجیریا، ئیکوادۆر و ڤەنزوێلا).