پەیامی بەرپرسانی هەرێم بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 198 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای متمانەدان بە کابینە حکومییەکەی عەلی زەیدیی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیام ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی نوێ دەکەن.

 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا رایگەیاند،" هیوا دەخوازم ئەم کابینە نوێیە بە شێوەیەک کار بکات کە خزمەت بە تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بکات و خواستەکانیان بۆ ئاسایش، سەقامگیری، پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتر بەدی بهێنێت ".

لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کرد و هیوای خواست کابینەی نوێی فیدراڵ، ببێتە سەرەتایەکی نوێ و باشتر لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەر بەو بۆنەیەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەپەیامێکدا بۆ عەلی زەیدیی باسی لەوەکرد،" گەشبینین بەوەی لە سەردەمی حکومەتەکەی بەڕێزتاندا بەپێی دەستوور و بە لێکتێگەیشتن هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک ".

هەر ئەمڕۆ بارەگای بارزانیی لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە عەلی فالح ئەلزەیدی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی متمانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بونی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێزیان خواست ".

هاوکات، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  لەپەیامێکدا بۆ عەلی زەیدیی رایگەیاند،" پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە ئەرکە نوێیەکەتاندا، یەکێتیی بە پەرۆشەوە یارمەتیدەرتان دەبێت لە سەرخستنی پرۆژە نیشتمانی و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و یەکخستنی هەوڵەکانمان بۆ زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان ".