سعودییە دەیەوێت لەگەڵ ئێران ڕێککەوتننامەی هێرشنەکردنە سەر یەکتر واژۆ بکەن

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی فاینانشال تایمزی بەریتانی بڵاوی کردۆتەوە کە سعودیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی "پەلامارنەدان" لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئێراندا.

دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕیاز دەیەوێت سود لە ئەزموونی "پرۆسەی هێڵسینکی" ساڵی 1975 وەربگرێت کە لە سەردەمی جەنگی سارددا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەوروپا بەکار هات، وەک مۆدێلێک بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت ئێران وەک ئەکتەرێکی کاریگەر بمێنێتەوە.

ئەم پێشنیازە پشتیوانی پایتەختە ئەورووپییەکانی هەیە، چونکە بە دەرفەتێکی دەبینن بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی نوێ و پێدانی گەرەنتی ئەمنیی بە ئێران کە جارێکی تر ڕوبەڕوی هێرش نەبێتەوە.

 دیپلۆماتکارێکی عەرەب ڕایگەیاندووە کە ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامیی و تەنانەت ئێرانیشەوە پێشوازی لێ دەکرێت، چونکە تاران هەمیشە داوای کردوە کاروباری ناوچەکە بۆ گەلانی ناوچەکە خۆیان جێبهێڵدرێت.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە سعودیە لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، هێرشی کردۆتە سەر ناوخۆی ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی تاران بۆسەر ئەو وڵاتە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە سیاسەتی بەرگریی ڕیازدا.

سەرچاوەکان دەڵێن سعوودیە پێشوەختە ئێرانی لەو هێرشانە ئاگادار کردۆتەوە و دواتر پەیوەندیی دیپلۆماتی چڕ لە نێوانیاندا دروست بووە کە بووەتە هۆی لێکتێگەیشتنێکی نهێنیی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، کە هەفتەیەک پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران لە 7ی نیسانی ڕابردوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی