شارپرێس:
ئەندرێ کارتاپۆلۆڤ، سەرۆکی لیژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی ڕووسیا ڕایگەیاندوە، یاسادانەرانی ڕوسیا یاسایەکیان پەسەندکردوە کە دەسەڵاتێکی ڕەسمی دەداتە
کرێملین بۆ ناردنی هێزی سەربازیی بۆ دەرەوەی وڵات بە پاساوی "پاراستنی هاوڵاتیانی
ڕوسیا"، ئەمەش ئامرازێکی یاسایی دەخاتە دەستی ڤلادیمێر پوتین بۆ داگیرکردنی
وڵاتانی تر.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی
پەرلەمانی روسیا "دۆما"، پڕۆژەکە ئامانجی پاراستنی ڕوسەکانە لە ئەگەری
دەستگیرکردن یان ڕاوەدونانی یاسایی لەلایەن لایەنە بیانییەکانەوە بەبێ بەشداریی ڕوسیا.
پوتین پێشتریش لە ساڵی 2014 بۆ داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا
و کریمیا، هەروەها لە ساڵی 2022 بۆ جەنگی سەر ئۆکرانیا، هەمان پاساوی پاراستنی ڕوسی
زمانەکانی بەکارهێناوە.
چاودێران دەڵێن؛ ئەم یاسا نوێیە هۆشدارییەکانی ئەوروپا سەبارەت
بە هەڕەشەی سەربازیی ڕوسیا بەهێزتر دەکات، بەتایبەت کە هێرشە موشەکییەکانی مۆسکۆ
بۆ سەر ئۆکرانیا سنورەکانی ناتۆشی گرتوەتەوە.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی
لە نیساندا هۆشداری دابوو کە ئەم هەنگاوانە ڕەنگە سەرەتایەک بن بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر
ئۆکرانیا یان وڵاتانی باڵتیک.
لە لایەکی ترەوە، حکومەتی سوید بەهۆی هەڕەشەکانی ڕوسیاوە
بڕیاری داوە ئاژانسێکی نوێی هەواڵگری بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان دابمەزرێنێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی