دوو حزب جیابونەوەی خۆیان لەفراکسیۆنەکەی سودانی راگەیاند

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 707 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەریەک لە عەقدی نیشتیمانی و بزوتنەوەی سۆرمەریون جیابونەوەی خۆیان لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان لەپەرلەمانی عێراق راگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ شێوازی دەنگدان بە کابینە حکومییەکەی عەلی زەیدیی دەگەڕێننەوە.


عەقدی نیشتیمانی و بزوتنەوەی سۆرمەریون کە بەشێک بون لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لەڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا دەڵێن،" سەرباری ئەوەی پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە بەجێهێنانی ئەرکە نیشتیمانییەکانی، لێرەوە کشانەوەی خۆمان لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕادەگەیەنین ".

لەبارەی هۆکاری کشانەوەیان لە فراکسیۆنەکە، ئاماژە بەوەدکەن،" بەهۆی ئەو ڕوداوانەی لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان رویاندا کە پێشێلکردنی رونی رێککەوتنە سیاسی و رێکخراوەییەکان بوو، هەروەها بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشتگوێخستنی بەشێک لە نوێنەرانی گەل، بڕیاری کشانەوەمان داوە، چونکە ئەو رێکارانەی پەیڕەوکراون لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی ناگونجێن ".

هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراقەوە دامەزراوە و  لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەە 11ی تشرینی دوەمی 2025 بەڕێوەچوو، 46 کورسیان لەپەرلەمان بەدەستهێنا.