ئێران لەبارەی پێدانی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بە هێزە کوردییەکان هاتەدەنگ

کوردستان

52 خولەک پێش ئێستا‌ 2623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بردنی چەک لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە هاتەدەنگ و دەڵێت، هیچ بایەخێک بە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی کوردەوە نادەن، راشیدەگەیەنێت،" دەبێت ئافەرین بە کورد بوترێت ئەمجارەش دوژمنیان خەڵەتاند و بێهیوایان کردن."


ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمیانەی سەردانێکی بۆ شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد،" ئێمە هیچ کاتێک کارمان بە لێدوان و قسەی بێگانەکان لەبارەی هاوڵاتییانمانەوە نەبوە، ئێمە خۆمان دەزانین کە ئێرانییەکان، چ کورد، فارس، تورک یان بەلوچ، چۆن نیشتمانەکەیان خۆش دەوێت و شەیدای خاکەکەیانن ".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی،" قسەکانی ترەمپ زیاتر لە جاران ئێمە سەربەرز دەکات بە تێگەیشتن و ژیری و وردبینیی گەلی کورد، بەڕاستی دەبێت ئافەرینیان پێ بوترێت کە ئەمجارەش دووژمنیان خەڵەتاند و بێهیوایان کردن ".

ئەوەشیخستەڕوو، خەڵکی کوردستان بە خۆڕاگری و تێگەیشتنی بەرزی سیاسیی خۆیان، رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی سنورەکان و پەکخستنی پیلانی دوژمناندا گێڕاوە.