عێراق مۆڵه‌تى له‌پاسداران وه‌رگرت‌و كه‌شتیه‌كى پڕ له‌نه‌وت به‌هورمزدا ده‌گه‌یه‌نێته‌ ڤێتنام

لە میدیاکانەوە

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ڕاگیرابوو، حکومەتی عێراق لەڕێگەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران، توانیی تێپەڕبونی نه‌وتهه‌ڵگرێکی بارکراو بەنەوتی خاو مسۆگەربکات‌و کێشەی نێوان هەردوو وڵات لەگەروی هورمز چارەسەربکات.


ئاژانسی ڕۆیتەرز ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق ڕاستەوخۆ دەستێوەردانی کردوە بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبونی نه‌وتهه‌ڵگری "Agios Fanourios 1" کە نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو بەگەروی هورمزدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێران ڕێکارە ئەمنی‌و چاودێرییەکانی سەر کەشتییەکانی ناو گەروەکەی توندترکردوە.

به‌گوێره‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌، نه‌وتهه‌ڵگرەكه‌ کە بەرەو ڤێتنام بەڕێوەبوە، لەکۆتایی مانگی نیسانەوە لەنزیک کەناراوەکانی دوبەی گیریانخواردبوو، تا دواجار لە 10ی ئایارداو دوای پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی، ڕەزامەندی تێپەڕبونی وەرگرت.

ئاماژە به‌وه‌شكراوه‌، دەسەڵاتدارانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، لیستێکیان لەناوی تیمی کەشتییەکەو وردەکاریی بارەکەیان بۆ تاران ناردوە بۆ ئاسانکاریی تێپەڕبونی.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "نه‌وتهه‌ڵگرەکە لەسەرەتای گەشتەکەیدا لەنزیک دورگەی هورمز لەلایەن بەلەمەکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەشێوەیەکی کاتیی ڕاگیراوە بەپاساوی گومانکردن لەبونی بارێکی قاچاخ، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەپشکنین‌و وردبینی ڕێگەی پێدراوە بەردەوامبێت".

ئاژانسەکە ڕونیکردوەتەوە، ئێران لەئێستادا سیستمێکی چەند قۆناغی بۆ تێپەڕبونی کەشتییەکان بەگەروەکەدا پەیڕەو دەکات، کە پشکنینی ئەمنی چڕوپڕ لەخۆدەگرێت‌و لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتیدەکرێت، جگە لەڕێککەوتنی تایبەت لەگەڵ هەندێک حکومەت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی ئاڵۆزییەکان کە کاریگەرییان کردوەتەسەر جوڵەی دەریاوانی جیهانیی کە نزیکەی پێنج یەکی پێداویستی نەوتی جیهان لەوێوە تێدەپەڕێت.

هه‌ر به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، جوڵەی تێپەڕبونی کەشتییەکان بەگەروی هورمزدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئەمدواییەی ناوچەکە، بەشێوەیەک ژمارەی ئەو کەشتییانەی ڕۆژانە تێدەپەڕین لە 120 بۆ 140 کەشتییەوە پێش ڕوداوەکان، کەمبوەتەوە بۆ نزیکەی 60 کەشتی لەماوەی نێوان 18ی نیسان تا 6ی ئایار.