شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، زنجیرەیەک سزای نوێی لەچوارچێوەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا بەسەر چەندین کەسایەتی و قەوارەی ئێرانییدا سەپاندوەو ئاشكراشیدەكات، كە دەستی بەسەر یەك ملیار دۆلاۆی دیجیتاڵیدا گرتوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕاشیگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ دارایی و ئابورییەکانی سەر ئێران لەلایەن واشنتنەوە، زۆر بەسستی و لەسەرخۆیی بەڕێوەدەچێت. بێسێنت وتی،"دەبینین چی ڕودەدات، هەر شتێک کە هەڵبگیرێت، زۆر بەخاوی هەڵدەگیرێت".
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەستیان بەسەر بڕی یەک ملیار دۆلار لەسەرمایەو دراوە دیجیتاڵییەکانی (Crypto) سەر بەئێراندا گرتوە. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی چالاکییەکانی چاودێری و سەپاندنی سزاکاندایە کە داراییە دیجیتاڵییەکانی سەر بەتاران دەکاتە ئامانج.
ئەمە لەكاتێكدایە، دوو ڕۆژ پێشتر ئیدارەی ئەمریکا لەچوارچێوەی فشاری ئابوری و سەربازیی دا، سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند. سزاکان بەپلەی یەکەم ئەو دەستە تازە دامەزراوەی تاران دەکەنە ئامانج کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز پێسپێردراوە.