شارپرێس:
کەتائیبی ئیمام عەلی
وەک سێیەم گروپی چەکداری عێراقی، جیابونەوەی خۆی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی راگەیاند
و دەستدەکەن بە پەیوەندیکردن بە هێزە فەرمییەکانی سەر بە حکومەتی عێراقەوە.
ئەمیندارێتی کەتائیبی
ئیمام عەلی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەچوارچێوەی هەستکردن بە
بەرپرسیارێتییە نیشتیمانییەکان و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و سەروەری یەکێتی
نیشتیمانی، فەرماندەیی کەتیبەکانی ئیمام عەلی بڕیاریدا بە جیابونەوە لە حەشدی
شەعبی و دەستکردن بە رێکارەکانی هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا ".
ئەوەشیخستەڕوو،" بەڵێنمان
بۆ لایەنگرانمان و کەسوکاری شەهیدان و برینداران دوپاتدەکەینەوە کە ئێمە لەسەر
بەڵێنی خۆمان ماوین و پابەندین بە مانەوەمان لەسەر خاکی ئەم وڵاتە و پارێزگاریکردن
لێی ".
ئەمیندارێتی کەتائیبی
ئیمام عەلی باسی لەوەشکرد،" لەئێستادا مەیدانی شەڕ ئەوەیە کە وڵاتێکی بەهێزی
خاوەن سەروەری تەواو بەسەر زەوی و ئاسمانی وڵاتەکە بونیادبنێین، کە سەرجەم رۆڵەکانی
یەکبخات ".
ئەمەش لەکاتێکدایە،
پێشتر هەریەک لە سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق جیابونەوە و پەیوەندیکردنیان
بە حکومەتی عێراقەوە راگەیاند، ئەوەش دوای فشاری بەردەوامی ئەمریکا دێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی
گروپە چەکدارییەکانی عێراق.
