80 ملیار دۆلارى عێراق له‌ئه‌مریكا قوفڵكراوه‌.. فوئاد حوسێن بازاڕى شڵه‌ژاند

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڕەپانی سیاسیی‌و دارایی عێراق بەهۆی لێدوانێکی شۆکهێنه‌رى فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی ته‌قینه‌وه‌ی بڕی پارەی ناو بازاڕەوە توشی بومەلەرزەیەکی بەهێز بوە، ئەم بابەتە ڕەخنەو هۆشداریی توندی لایەنە عێراقییەکانی بەرامبەر بەکۆتوبەندە داراییەکانی ئەمریکا هێنایه‌ ده‌نگ.

چۆن لێدوانەکەی فوئاد حوسێن هەرای ناوەتەوە؟
هەرا گەورەکە کاتێک دەستیپێکرد کە وەزیری دەرەوە بەئاشکرا دانی بەوەدانا، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەو دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، کۆی پارەی دیناری ناو بازاڕ بەبڕی 25 ترلیۆن دینار زیادکراوە (چاپکراوە)، ئەو هۆشداریدا کە ئەگەر دۆخی داڕمانی داهاتی نەوت بەردەوامبێت، وڵات بەرەو "کارەساتێکی دارایی نزیک" هەنگاو دەنێت.

ئەم وتانە بەشێوەیەکی خێرا بازاڕی شڵەژاندو ترسی گەورەی لای هاوڵاتیان لەداڕمانی بەهای دینارو گرانبونی خێراى کەلوپەل دروستکرد.

بانکی ناوەندی بەپەلە هێڵی سور دەکێشێت
بۆ بەرگرتن لەهەرەسهێنانی متمانەی بازاڕ، بانکی ناوەندیی عێراق بەپەلە بەیاننامەیەکی یەکلاکەرەوەی دەرکردو ڕایگەیاند، "چاپکردنی دراو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەتەواوی یاساییەن قەدەغەیە".

بانکەکە ڕونیکردەوە، ئەو پرۆسەیەی دەکرێت، تەنها قەرزی کاتیی‌و یاساییە لەبەرامبەر سەنەداتی حکومەتداو نابێت لێدوانی نابەرپرسانە تێکەڵ بەم بابەتە هەستیارە بکرێت.

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د هاوکات ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران سه‌باره‌ت به‌و لێدوانه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق هاته‌ده‌نگ‌و دڵنیاییدا کە هەر زیادکردنێکی نەختینەیی، پێویستی بەپشتگیریی‌و گەرەنتی تەواوی زێڕو دۆلار هەیە بۆ پاراستنی هێزی دینار.

کۆتوبەندەکانی ئەمریکا؛ خنکاندنی سیستەمی دارایی عێراق
ئەم قەیرانە نێوخۆییە پەردەی لەسەر کێشەیەکی گەورەتر لادا کە پەیوەستە بەدەستێوەردانی دەرەکییەوە، پەرلەمانتاران‌و لایەنە عێراقییەکان هۆشداری توند دەدەن کە کۆتوبەندەکانی ئەمریکا لەسەر سیستەمی دارایی، هۆکاری سەرەکیی ئەم چەقبەستوییەن.

پسپۆڕان ئاماژە بەوەدەکەن، نزیکەی نیوەی یەدەگی نەختی عێراق (کە زیاتر لە 80 ملیار دۆلارە) وەک سەنەدات لەناو سیستەمی بانکی ئەمریکادا قوفڵکراوە، ڕێکارە توندەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی ئەمریکا لەسەر گواستنەوەی دۆلار، بوەتە هۆی ئەوەی عێراق نەتوانێت لەکاتی پێویستدا بەئازادی دەستی بەپارەکانی خۆی بگات بۆ پڕکردنەوەی قەیرانی موچە، ئەمەش حکومەتی ناچارکردوە پەنا بۆ ڕێکاری قورسی ناوخۆیی ببات.

فراس مسلماوی وتەبێژی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕایگەیاند له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ قسه‌ى هه‌یه‌و پێیوایه‌، بەستنەوەی دینار بەسیاسەتەکانی واشنتۆنەوە، ئابوری عێراقی خستوەتە بەردەم مەترسی بەردەوام‌و داوایکرد بەپەلە ڕێکاری نیشتمانی بگیرێتەبەر بۆ "جیاکردنەوەی قۆناغ بەقۆناغ"ی سیستەمی دارایی عێراق لەژێر دەستی ئەمریکا.

عێراق ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە؛ لەلایەکەوە گوشاری شەقامی هەیە بۆ دابینکردنی موچەو لەلایەکی دیکەشەوە لەژێر ڕەحمەتی کۆتوبەندە داراییەکانی واشنتۆندایە، لایەنە عێراقیه‌كانیش داوادەکەن، پشتبەستن بەسیستەمی دارایی ئەمریکا کەمبکرێتەوە تا ئابوریی وڵات لەمەترسی‌و داڕمان بپارێزرێت.

بەپەلە