شارپرێس:
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتوندی هاتهدەنگو ڕایدەگەیەنێت، "پێشمەرگەی دێرین (حاجی ئاسۆ) لەزیندانەکانی هەولێر بەناحەق شەهیدکراوە، داوای دەستبەجێی هاتنەسەر هێڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دهكهین بۆ لێکۆڵینەوە لەو مەرگە تەمومژاوییە"، ڕەتیشیدەکاتەوە، "ڕەمزی فیداکاریی گەل گێچهڵى پێبکرێت یان تۆمەتی بۆ دروستبکرێت".
گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکی دێرین لەیەکێک لەگرتوخانەکانی شاری هەولێر، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتیو کاردانەوەی سیاسییو مەدەنی لێکەوتوەتەوە. ڕوداوەکە دۆسیەی مافەکانی مرۆڤو سەروەری یاسای لەهەرێمی کوردستان جارێکی دیکە گەیاندوەتە لوتکەی گرژییەکان.
دۆسیەکە کاتێک سەریهەڵدا کە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر ڕایانگەیاند، پێشمەرگەی دێرین (ئاسۆ مەجید قادر) ناسراو بە"حاجی ئاسۆ" لەناو گرتوخانەدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە نەک هەر نەبوە جێی بڕوای کەسوکاری، بەڵکو دەستبەجێ لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو هێزە سیاسییەکانەوە ڕەتکرایەوە.
ئێوارهى دوێنێ تۆڕی هاوپەیمانی 19 بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی مرۆڤ لەڕاگەیەندراوێکی تونددا گومانی جددی خستەسەر شێوازی دەستبەسەرکردنو مەرگی ئەو پێشمەرگەیە. تۆڕەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هیچ گەرەنتییەک بۆ شەفافییەتو لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەئارادانییە، چونكه تۆمەتبار بێبەشکراوە لەبونی پارێزەرو ڕێگریی لەکەسوکاریشى کراوە کە ڕاستەوخۆ بیبینن یان شوێنی گرتوخانەکەی بزانن، بەهۆی ئەم شاردنەوەیە، ڕاستی ڕوداوەکە بەتەمومژاوی دەمێنێتەوە.
لەسەر ئاستی سیاسیی، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتوندی هاتەدەنگو ڕوداوەکەی وەک "شەهیدکردنێکی بەناحەق" وەسفکرد، یەکێتیی لەبەیاننامە فەرمییەکەیدا ڕایگەیاند، "پێشمەرگە ڕەمزی فیداکارییەو شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەیە، نەک زیندانو کوشتن، مەرگی حاجی ئاسۆ لەژێر سێبەری سیاسەتێکی چەواشەکارانەدا بوە کە تۆمەتی جیاوازی بۆ دروستکراوە، بۆیه داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت بەجدی بێنە سەرهێڵ بۆ لێکۆڵینەوەی ورد".
ئەم ڕوداوە دەرگای نادڵنیاییەکی گەورەی لەسەر دۆخی زیندانیان لەهەرێمی کوردستان کردوەتەوەو چاودێرانیش پێیانوایە، ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن بەپشتبەستن بەپزیشکی دادوەری سەربەخۆ ئەنجامنەدرێت، ئەم کەیسە دەبێتە هۆی درزێكى قووڵتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمو متمانەی هاوڵاتیان بەدامەزراوە ئەمنییەکان زیاتر لاواز دەکات.
