شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل کۆتاییهاتنی "شەپۆلی یەکەم"ی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر چەند پێگەیەکی سەربازیی سەر بەڕژێمی ئێرانی لەناوچەکانی ناوهڕاستو ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ڕاگەیاند کە بەوتەی خۆی بەهەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامدراون.
بهگوێرهى بەیاننامە فەرمییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپا، ڕاستەوخۆ لەژوری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانییەوە سەرپەرشتیو سەرکردایەتی هێرشەکان دەکات.
ئەو هێرشانەش وەک وەڵامدانەوەیەک بون بۆ ئەو هێرشە موشەکییانەی کە ئێران شەوی یەکشەممە کردبویەسەر ئیسرائیل.
وتەبێژێکی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان بەڕێنوێنی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی، ئامانجە دیاریکراوەکانیان لەتاران، تەورێزو ئەسفەهان پێکاوە، هاوکات سەرچاوە فەرمییەکانو سوپای پاسدارانی ئێرانیش ڕودانی هێرشە بەهێزەکانیان لەوشارانە پشتڕاستکردوەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە قۆناغێکی نوێو مەترسیدارە لەململانێی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات، چونکە ئەمە یەکەم هێرشی ئاسمانی ئاشکرای ئیسرائیلە بۆسەر ناوخۆی ئێران لەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی 8ی نیسانەوە.
شیکەرەوە سیاسییەکان هۆشداریدەدەن کە بەردەوامی ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێرانو ڕەنگە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی بەرفراوانتر ببات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێران پێشتر هەڕەشەیکردبوو، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشە موشەکییەکانی بداتەوە، ئەوا بازنەی هێرشەکانی فراوانتر دەکاتو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش لەناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
