شارپرێس:
بۆرسەی جیهانیی نەوت سەرەتای گۆڕانکارییەکی دراماتیکی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی زیاتر لە3% بهرزبوهوهو بەهای هەر بەرمیلێک زیاتر لەسێ دۆلار ههڵكشانى بهخۆوه بینى، ئەم بازدانە خێرایە ڕاستەوخۆ دوای پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هات، بەتایبەت دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سەر لوبنانو بیستنی دەنگی تەقینەوە لەچەند شارێکی ناوخۆی ئێران.
لەدوایین گۆڕانکارییەکانی بازاڕدا، گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت بەبڕی 3.20 دۆلار (واتە بە ڕێژەی 3.39%) بەرزبوەوەو گەیشتە 96.24 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمریکی (WTI) بەبڕی 2.87 دۆلار (واتە بەڕێژەی 3.17%) سەرکەوتو نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 93.41 دۆلار، بەمەش جیاوازی نرخی نێوان هەردوكیان گەیشتە 2.83 دۆلار لەبەرژەوەندی نەوتی برێنت.
شارەزایانی ئابوریی ئاماژە بەوەدەکەن، هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵکشانە خێرایە، دروستبونی ترسو دڵەڕاوکێیە لەسەر هاوسەنگیو بەردەوامی تێپەڕبونی وزە لەڕێگەی گەروی هورمزەوە، کە بەشاخەماری گواستنەوەی نەوتی جیهان دادەنرێتو نزیکەی پێنجەکی (20%) دابینکردنی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت.
هەرچەندە هاوپەیمانێتی "ئۆپێک پڵەس" لەکۆبونەوەی دوێنێیدا ڕێککەوتبون لەسەر زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی هێورکردنەوەی بازاڕەکان، بەڵام شیکەرەوە داراییەکان پێیانوایە، کاریگەری ئەم بڕیارە زۆر سنوردار دەبێت؛ ئەمەش بەهۆی ئەو گرفتە تەکنیکیو ژێرخانییانەی کە ڕوبەڕوی هەندێک لەوڵاتانی ئەندام دەبنەوە لەبەدەستهێنانی ڕێژەی دیاریکراوی بەرهەمهێنانی خۆیاندا، لەلایەکی دیكهشهوه قەبارەی مەترسییە ئەمنییەکان زۆر گەورەترە لەکاریگەری زیادکردنی خستنەڕوی نەوتەکە.
