شارپرێس:
تەقینەوەی گەڕێکی نوێی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل، دەستبەجێ حوسییەکانی یەمەنی هێنایە ناو چەقی شەڕەکەوە، وتەبێژی سەربازیی گروپەکە بەفەرمی قەدەغەکردنی تەواوی هاتوچۆی دەریایی ئیسرائیلی لەدەریای سوردا ڕاگەیاند، بەمەش هاوکێشەی ململانێکان ڕوی لەپەرەسەندنی مەترسیدار کردوە.
یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، پاش نوێبونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی نێوان ئیسرائیلو ئێران، سەرجەم جوڵەو بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەم ساتەوە دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەوان.
وتەبێژی حوسییەکان لەبەیاننامەکەیدا چەند پەیامێکی گرنگی خستەڕوو وتویهتى، "هێزەکانمان کۆمەڵێک موشەکیان ئاڕاستەی چەند ئامانجێکی هەستیار لەناوچەی "یافا" کردوەو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامانجهكانیشیان پێکاون، وەڵامی هەر گرژییەکی ئیسرائیل بەگرژیی زیاتر دەدەینەوەو کارە سەربازییەکانیش بهگوێرهى گۆڕانکارییەکانی مەیدانی جەنگ پەرەپێدەدەین".
لهبهشێكى دیكهى بهیاننامهكهدا حوسیهكاندا هاتوه، "ئەم هەنگاوانە وەک بەشێک لەبەشداریی کارای ئێمه دێت لەچوارچێوەی تەوەرەی جیهادو بەرگریی لەناوچەکەداو بهردهوامیش دهبین".
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، یەحیا سەریع جەختیکردوهتهوه کە هێرشە سەربازییەکانیان بۆسەر ئیسرائیل بەردەوامدەبنو ناوەستن، تائەوکاتەی دەستدرێژییو گەمارۆکانی سەر وڵاتانی (یەمەن، فەڵەستین، لوبنان، ئێرانو عێراق) بەتەواوی کۆتاییان دێت.
