شارپرێس:
حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی
زەیدیی خۆی بۆ قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسی ئابوریی ئامادەدەکاتو لەو چوارچێوەیەشدا،
سەرۆک وەزیران گەشتێکی فەرمیو گرنگ بۆ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامدەدات.
چاودێران پێیانوایه، ئەم سەردانەی
بۆ واشنتۆن جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ گەشتەکانی پێشویدا هەیە، چونکە زەیدیی سوپایەک
لەپیاوانی کار، بازرگانان، ئەندامانی پەرەپێدانی کەرتی تایبەتو سەرۆکی بانکە ئەهلییەکانی
عێراق لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ئەوەی لەنزیکەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی کۆببنەوەو دەرگای
نوێ بۆ وەبەرهێنانی هاوبەشو ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەنەوە کە ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت
بۆ گواستنەوەی کەرتی تایبەتی عێراقی بۆ قۆناغی جیهانیبونو ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی
بۆ ناو بازاڕی ناوخۆ.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم جوڵە نێودەوڵەتییە،
حکومەتی عێراق ئامادەکاریی گەورەی لەناوخۆدا کردوە بۆ پشتگیریکردنی ئەم وەبەرھێنانە،
بەشێوەیەک کە سندوقی گەشەپێدانی عێراق کە تایبەتە بەکەرتی تایبەت، بەبڕی 10 ملیار
دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتیدەکرێتو قازانجەکانی بەتەواوی لەباج دەبەخشرێن،
لەگەڵ کردنەوەی دەرگای پشکەکان بۆ هەموو هاوڵاتیان بەدیناری فەرمی تا بتوانن بەشداربن
لەدروستکردنی کارگەی نوێدا.
لەلایەکی دیكهوه، حکومەت کار
لەسەر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دەکات بۆ دابینکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی نیشتەجێبونو
داوای لەپیاوانی کار کردوە بەشداریی لەبونیادنانی ژێرخانەکەیدا بکەن بۆ ئەوەی بگاتە
دەستی ئەو هاوڵاتیانەی بێبەشن لەخانوو و زەوی.
بۆ سەرخستنی ئەم نەخشەڕێگهیەو
دڵنیاکردنەوەی وەبەرهێنەران، سەرۆک وەزیران بەڵێنیداوە مانگانە نزیکەی یەک ترلیۆن
دینار بۆ شایستە داراییەکانی کۆمپانیاو بەڵێندەران تەرخانبکاتو کار بۆ لادانی هەموو
ئەو یاساو ڕێنماییە کۆنانە بکات کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەشەی ئابوریدا، هاوکات پەیامێکی
توندی ئاڕاستەی پیاوانی خاوهن کار کردوە کە بەهیچ شێوەیەک تەسلیمی سەرانەسهندنو
گەندەڵی نەبنو دەرگای سەرۆکایەتی وەزیران هەمیشە کراوەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر
ئاستەنگێک کە لەناو جەستەی دەوڵەتدا ڕوبەڕویان دەبێتەوە.
