سویسرا خۆی بۆ گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا ئامادە دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 929 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمرۆ یەکشەممە، یەکەمین خولی گفتوگۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە هاوینەهەواری بۆرگنشتاکی سویسرا دەستیپێدەکەن، ئەمەش دوای تەواوبوونی گەیشتنی شاندە دانوستانکارەکانی هەردوولا و بەڕێکەوتنی شاندەکانی دیکە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکاندا.

 
 وەزارەتی دەرەوەی پاکستان پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەم دانوستانە تەکنیکییانە بە بەشداری نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران، لەگەڵ نێوەندگیرانی پاکستان و قەتەر بەڕێوەدەچێت، وەک بەدواداچوونێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە پێشتر لە ئیسلام ئاباد واژۆ کرابوو، کە زەمینە خۆش دەکات بۆ پرۆسەیەکی دانوستانکاری 60 ڕۆژە و دەکرێت بە ڕەزامەندی هەردوولا درێژبکرێتەوە.

شاندی دانوستانکاری ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی نێردراوان ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر گەیشتنە سویسرا، لە کاتێکدا شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا گەیشتوون، کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، عەبدولناسر هیممەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی، و عەلی باقری جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆسیە ئابووری و داراییەکان بەهێزی لەسەر کارنامەی کۆبوونەوەکان ئامادە دەبن. 

لە هەمان کاتدا، جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا کە عاسم مونیر فەرماندەی سوپای تێدایە، بەرەو سویسرا بەڕێکەوتن بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکانی نێوەندگێڕیدا.

چاوەڕوان دەکرێت خولی یەکەم سەرنج بخاتە سەر داڕشتنی چوارچێوەی جێبەجێکردنی دانوستانەکان و میکانیزمەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، سزاکان، و ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز. 

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ناوچەییەوە بڵاویکردەوە کە ئەمریکا هەوڵدەدات کۆبوونەوەکان بە بانگهێشتکردنی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەردانی پێگە ئەتۆمییەکان کۆتایی بێت، وەک هەنگاوێکی یەکەم بۆ متمانەدرووستکردن.

 هەروەها ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە ڕێگە بە ئێران بدات دەستی بە بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی بگات، بەو مەرجەی بۆ مەبەستی مرۆیی و کڕینی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بەکاربهێنرێن.

بەپەلە