ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕوسی: ئیسرائیل رێگە نادات ترەمپ جەنگی ئێران بدۆڕێنێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1230 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕووسی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە سەروبەندی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی ئاگربەستدان شاری جنێف، کە زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە بە واتای خۆبەدەستەوەدانی ڕاستەقینەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ دێت. 

 
ڕۆژنامەکە دەڵێت: سەرۆکی ئەمریکا دوای تێوەگلانی لە سەرکێشییەکەی بەرامبەر بە ئێران، خۆی لەناو گۆڕەپان  و بنبەستێکی سیاسیی قورسدا دۆزییەوە، چونکە نەیدەتوانی بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن پاشەکشە بکات، لەبەر ئەوەی دەرئەنجامی وەها بڕیارێک نەک تەنها بۆ پێگەی خۆی و ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا وێرانکەر دەبوو، بەڵکو زیانی گەورەی بە بەرژەوەندییەکانی گشتی ئەمریکاش دەگەیاند، بۆیە لە کۆتاییدا بڕیاری دا دۆخەکە هێور بکاتەوە و ڕێککەوتنێک بەو مەرجانە واژۆ بکات کە بۆ لایەنی ئێرانی پەسەند و گونجاون.

ئەوەش هاتووە: لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا زۆر زووە کە بگوترێت ئەمریکا ئەم شەڕەی بە تەواوی دۆڕاندووە، ئەمەش نەک تەنها لەبەر ئەوەی هێشتا ناوەڕۆکی تەواوی ڕێککەوتنەکە بۆ میدیاکان و پسپۆڕان ڕوون نییە، بەڵکو بەهۆی بوونی فاکتەری ئیسرائیل لە هاوکێشەکەدا، کە تل ئەبیب بە ڕوونی ڕایگەیاندووە خۆی بە هیچ ڕێککەوتنێکەوە پابەند ناکات. 

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە کردەوە دژایەتییەکانی، ئێران ئاگربەستەکە بە پێشێلکراو دادەنێت و دەست دەکات بە بۆردومانکردنی ئیسرائیل، ئەمەش وا دەکات ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکەی بێتە ناو هێڵ و شەڕەکە سەرلەنوێ هەڵگیرسێتەوە، کە تێیدا ئەمریکا و ئیسرائیل ناچار دەبن لە نێوان داگیرکردنی ئێران یان بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا یەکێکیان هەڵبژێرن.

بەپەلە