بۆچی ئێران هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بەڕاگرتنی شەڕ لەلوبنان دەبەستێتەوە؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تاران جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە لوبنان تەنها قەیرانێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرەیەکی بەرفراوانتری ناسەقامگیریی هەرێمی کە دەبێتە هۆی پەکخستنی هەر جۆرە ڕەوتێکی دبلۆماسی لە ناوچەکەدا. 

 
لەم چوارچێوەیەدا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانە هەستیارەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پرسی لوبنان وەک میحوەرێکی سەرەکیی و کاریگەر لە گوتاری سیاسیی، دبلۆماسیی و میدیاییدا ڕەنگی داوەتەوە.

 تاران داوای ڕاگرتنی گشتگیری شەڕ دەکات لەو وڵاتەدا پێش دەستپێکردنەوەی هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ واشنتۆن، چونکە ئەم هەڵوێستە ئێرانییە تەنها داواکارییەکی تاکتیکی کاتی و تێپەڕ نییە، بەڵکو گوزارشت لە دیدگایەکی بەرفراوانتری تاران دەکات کە دۆسیە هەرێمییەکان بە ڕەوتی دانوستانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە و ئاسایشی ناوچەکە وەک سیستمێکی گشتگیر و لێکدانەبڕاو سەیر دەکات کە ناتوانرێت توخمەکانی لەیەک جیا بکرێنەوە.

ئەم تێڕوانینە لە ڕێگەی بەندی 1ی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵیی نێوان ئێران و ئەمریکاوە گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی پێدراوە، کە تێیدا بە ڕوونی جەخت لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە ڕووبەڕووبوونەوەکان لە سەرجەم بەرەکانی ناوچەکەدا کراوەتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە دۆسیە ئەمنییەکان لە دۆسیەی ئەتۆمی یان گفتوگۆ دووقۆڵییەکان جیا نەکراونەتەوە.

 لایەنی ئێرانی پێی وایە لوبنان بەهۆی پێگەی جیۆپۆلەتیکی تایبەت و ڕۆڵی هێزەکانی ناسراو بە بەرەی مقاوەمە لە هاوکێشەکانیدا، بۆتە گرێکوێرەیەکی ئەمنی لە ناوچەکەدا و هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسیی بەبێ گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەسەر زەوی و دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بەردەوام، وەک قەدەغەکردنی هێرشی سەر سنوورەکان و ڕاگرتنی جموجۆڵە سەربازییەکان، ناتوانێت جێگیر بێت.

چاودێران پێیانو ایە، ئەم ستراتیژیەتە سێ ئامانجی سەرەکی بۆ تاران دەپێکێت: یەکەم، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە ناسەقامگیری میحوەرەکەی؛ دووەم، دڵنیابوون لە بەردەوامیی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن لە ڕێگەی هێورکردنەوەی گشتیی؛ سێیەم، بەکارهێنانی مەیدان وەک ئامرازێکی ڕێگریی بەرامبەر لایەنی بەرامبەر.

 لە کۆتاییدا، تاران لە ڕێگەی چەمکی "یەکێتیی بەرەکان"ـەوە پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە هاوپەیمانەکانی وەک ئامرازی قۆناغی بەکارناهێنێت، بەڵکو دۆسیەی لوبنان، فەلەستین و عێراق بە یەک پاکێجی ئەمنی دەبینێت کە بەبێ چارەسەرکردنی هاوکاتیان، هیچ ئاشتییەکی بەردەوام نایەتە دی و هەر ڕێککەوتنێکی تاکلایەنە تەنها ڕێگا خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ لە داهاتوودا.

بەپەلە