شارپرێس:
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، بەمزوانە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 50 بەرپرسی باڵاى كابینه‌كه‌ى پێش‌و و هه‌روه‌ها ئێستای حكومه‌تى عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی‌و بەهەدەردانی سامانی گشتیی دەردەچێت، هاوکات هۆشداریش لەهەوڵی لایەنە سیاسییەکان دەدرێت بۆ شاردنەوەی تۆمەتباران.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى میدیا عێراقیه‌كان بڵاویانكردوه‌ته‌وه، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەبەردەم دەرکردنی توندترین پاکێجی فەرمانی دەستگیرکردندایەو ئەم فەرمانانە نەک تەنها فەرمانبەرانی ئاسایی، بەڵکو به‌رپرسانى زۆر باڵاش ده‌گرێته‌وه له‌وانه، (وه‌زیر، بریکارانی وەزارەت، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، ئەفسەرانی باڵای ئەمنی‌و پەرلەمانتارانی خانەنشینو به‌شێكیش له‌ئێستا).
ئه‌وه‌ش ڕونكراوهتهوه، ئەم هەنگاوە یاساییە دوای ئەوەدێت کە کارەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی یاسایی (الحصانه) لەو بەرپرسانەی کە ئێستا لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدا کاردەکەن، تۆمەتی سەرەکیی ئاڕاستەکراو بۆ ئەم بەرپرسانە بریتییە لە "پێشێلکاریی دارایی، گەندەڵی‌و دزینی سامانی گشتیی دەوڵەت" لەماوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا.
سەرەڕای جدیبونی ڕێکارەکان، پەردە لەسەر ململانێیەکی توندی پشت پەردەش لادهدرێتو ڕاگه‌یه‌نراوه، لەئێستادا فشارێکی سیاسیی زۆر قورس‌و چڕ لەلایەن چەند جەمسەرێکی دەسەڵاتەوە دەستیپێکردوە، ئامانجی ئەم فشارانەش بریتین لەناچارکردنی دادگا بۆ پاشەکشەکردن یان سڕکردنی فەرمانى ده‌ستگیركردنه‌كان تاوەکو ڕێگریی لەڕوخانی سیاسیی ئەو تۆمەتبارانە بکرێت کە سەر بەحزبە جیاوازەکانن.
ئه‌مه‌ش لەکاتێکدایه، شەڕ دژ بەگەندەڵی لەعێراق چوەتە قۆناغێکی هەستیارەوەو چاوەڕواندەکرێت بڵاوبونەوەی ناوی بەرپرسەکان لەڕۆژانی داهاتودا کاردانەوەی گەورە لەشەقامی عێراقیدا دروستبکات.
جوڵاندنى كه‌یسى گهندهڵىو به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتیى له‌كاتێكدایه، عەدنان جومەیلی بریكارى پێشوى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق دواى ده‌ستگیركردنى، ده‌ستیشگیراوه به‌سه‌ر بڕێكى ئێجگار زۆر پاره‌و ئۆتۆمبێلى گرانبه‌هاو هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كى زۆر خانوو و موڵك له‌شاره جیاوازه‌كانى عێراق‌و هه‌رێمی كوردستانیش كه سه‌رجه‌میان خاوهندارییهكهیان بۆ ناوبراو ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆش ئه‌نجومه‌نى دادوەریی عێراق ئەو دەنگۆیانەى ڕەتكردهوه، گوایه 65 سه‌ردان بۆ لای عەدنان جومەیلی ئه‌نجامدراوه له‌لایه‌ن بەرپرسان‌و وەزیران‌و پەرلەمانتارانهوه.
ئەنجومەنەکە لەبەیاننامەیەکدا نوسیویهتى، "ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوەو تێیدا بانگەشەی ئەوەکراوە کە گوایە ئەنجومەنی باڵای دادوەری (65 سەردان)ی بۆ لای بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن (عەدنان جومەیلی) لەلایەن بەرپرسان، وەزیران، پەرلەمانتاران، سەرکردەی گروپە چەکدارەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی‌و پیاوانی کارەوە تۆمارکردوە، زانیاریی نادروستنو دادگا هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نییە".
