شارپرێس:
دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور لە عێراق دوێنێ چوارشەممە دۆزینەوەیەکی نوێی شوێنەواریی لە پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند کە بریتییە لە دەرهێنانی کێلێکی مێژوویی ئاشووری لە پێگەی "بابی شەمس" لە شاری مووسڵ، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی پاشا ئاشووربانیپاڵ دەگەڕێتەوە.
ئەم کێلە دوای هەفتەیەک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی هەڵکۆڵین دۆزرایەوە.
کێلەکە نەخشی نووسینی بزماری لەسەرە و ڕووەکەشی بە پەیکەرێکی تاشراوی پاشا ئاشووربانیپاڵ ڕازاوەتەوە، لەگەڵ دوو دیمەنی کەسایەتیی شاهانە لەسەر شێوازی دوو شریتی هونەری کە ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرزی شارستانیی دەوڵەتی ئاشوورین.
دەستەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم دەستکەوتە دەخرێتە سەر زنجیرەی ئەو دۆزینەوە مێژووییانەی گوزارشت لە ڕەسەنایەتی و قووڵایی شارستانیی نەینەوا دەکەن.
بەڕێوەبەری پشکێنەری شوێنەواری نەینەوا، ڕوێد موەفەق، جەختی کردۆتەوە کە ئەمە دۆزینەوەیەکی زۆر گرنگە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی لایەنی نوێی قۆناغی ئاشووریی و تیمەکان بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوەی زانستیی لەسەری.