واشنتۆن لەبارەی دوو دۆسییەی هەستیارەوە هۆشداری بەعێراق دەدات

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی  ئەمریکا لە عێراق، ڕایدەگەیەنێت، واشنتۆن پشتگیری تەواوەتی لە دەستبەكاربونی پاری.َگاری نوێی بانكی ناوەندی عێراق دەكات و دەشڵێت، دەبێت دۆخی چاكسازی بانكی و سپیكردنەوەی پارە كۆتایی پێبهێنرێت.


جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی  ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی دەستبەکاربونی لەنزار ناسر حسێن، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی عێراق کردو رایگەیاند، واشنتۆن پشتیوانی لەهەوڵەکانی عێراق بۆ چاکسازیی بانکی و بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە دەکات.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەهەژماری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانە لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیدا باسیان لەکارە لەپێشینە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکاو عێراق کردوە.
بەگوێرەی باڵیۆزخانەکە، هاریس پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵە یەکلاکەرەوەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربونەوەی پارەدارکردنی نایاسایی و بونیادنانی کەرتی بانکیی بەهێز دەربڕیوە. 

بانکی ناوەندیی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پەرەپێدانی پەیوەندیی ستراتیژی و پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراون و جەختكراوەتەوە كە واشنتۆن پشتگیری تەواوەتی عێراق دەكات، لەبەرامبەردا دەبێت دۆسیەی چاكسازی بانكی و بەرەنگاربونەوەی سپیكردنەوەی پارە كۆنتڕۆڵبكرێت.

لەڕاگەیەندراوەكەدا، گرنگیی پشتگیریکردنی سەقامگیریی نەختینەیی و ئابووری دووپات کراوەتەوە، بەجۆرێک لەگەڵ پێداویستییەکانی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا بگونجێت.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، جۆشوا هاریس ستایشی ئەو چاکسازییانەی کردوە کە بانکی ناوەندیی عێراق پەیڕەویان دەکات، هەروەها ئاماژەی بەپەیوەندییە کاراو بەرهەمدارەکانی بانکەکە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاو بانکی یەدەگی فیدراڵی کردوە.

لای خۆیەوە، نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختی لەگرنگیی جێبەجێکردنی پلانی چاکسازیی بانکی کردەوە.  ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی کەرتی بانکیی عێراق لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەحەواڵە دەرەکییەکان و رێکخستنی پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بگونجێنن، بەئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کەرتی دارایی و بانکەکان".