کۆتایی چاخی شاشەکان.. ئایا خۆمان لەبەدەم شەپۆلێکی نوێی تەکنەلۆژیادا دەبینینەوە؟

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشکەوتنی خێرای کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا بەرەو داهاتوویەکی بێ شاشە هەنگاو دەنێت، کە تێیدا ژیانی دیجیتاڵیی زیاتر پشت بە دەنگ، ژیریی دەستکرد و ڕاستیی بەرزکراوە دەبەستێت نەک مۆبایل و شاشە باوەکانی ئێستا. 

 
لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا شاشەکان چەقی کارەکانمان بوون، بەڵام ئاڕاستە نوێیەکە دەیەوێت بە بەکارهێنانی چاویلکەی زیرەک و ئامێری لەبەرکراو ئەزموونێکی ئاسانتر پێشکەش بکات کە پێویستی بە تەماشاکردنی بەردەوام نەبێت. 

ئەم گۆڕانکارییە تەنیا بۆ ئاسانکاریی نییە، بەڵکو هۆکاری ئابووریشی لەپشتە؛ چونکە بازاڕی مۆبایل تێر بووە و کۆمپانیاکان بەدوای سیستمی نوێدا دەگەڕێن.
ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە بۆ کارکردنی پێویستی بە زانیاریی قووڵتری بەکارهێنەران هەیە وەک دەنگ، شوێن و خووە ڕۆژانەییەکان، ئەمەش مەترسیی گەورە بۆ سەر تایبەتمەندێتیی دوروست دەکات. 

بە پێچەوانەی شاشەوە کە دەکوژێتەوە، ئەم ئامێرانە بەردەوام  کار دەکەن و زانیاریی هەستیار کۆدەکەنەوە کە بۆ ڕاهێنانی ژیریی دەستکرد بەکاردێن، ئەمەش کۆنترۆڵکردن یان سڕینەوەی داتاکان قورس دەکات.

لەلایەکەوە، لایەنگران پێیان وایە ئەمە سەرنجڕاکێشانی دیجیتاڵیی کەم دەکاتەوە و یارمەتیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدات، بەڵام لەلایەکی ترەوە، ڕەخنەگران هۆشداریی دەدەن کە نەهێشتنی شاشە نابێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاڵودەبوونی دیجیتاڵی، بەڵکو تەنیا شێوازەکەی دەگۆڕێت بۆ جۆرێکی شاراوەتر. 

لە نێوان گەشبینیی کۆمپانیاکان و دڵەڕاوکێی ئەخلاقیی پسپۆڕاندا، هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەم ئامێرانە دەتوانن بەتەواوی جێگەی مۆبایل بگرنەوە یان نا، بەڵام داهاتوویەک نیشان دەدەن کە تێیدا شاشەکان ون دەبن بەڵام تەکنەلۆجیا لە هەموو شوێنێک دەبێت.