شارپرێس:
وتەبێژی دەمپارتی ڕایگەیاند، بڕیارێکی ستراتیژییان داوە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی چەکداری و جەخت لەسەر پێویستیی خێرا دەرکردنی یاسایەک دەکاتەوە بۆ پرسی چەکدانان بەجۆرێک زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە کە بتوانن بەشێوەیەکی یاسایی تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ببنەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەمپارتی ڕایگەیاند، پێویستە کار لەسەر یاسایەک بکرێت بۆ پرسی چەکدانان و نابێت چیتر ئەم پرسە گرنگە دوا بخرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یاساکە بەجۆرێک بێت زەمینە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام خۆش بکات و رێگە بۆ ئەو کەسانە بکاتەوە کە دەگەڕێنەوە، بێ بەربەست بێنەوە ناو کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
وتیشی، "بانگەوازی ئێمە ئەوەیە چیتر ئەم پرسە دوانەخرێت، چونکە چەندین کەس لەزیندانەکاندایە، دۆخەکە پێویستی بەئەنجامێکە کە ئاشتییەکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ هەمووان لێ بکەوێتەوەو هەموو لایەک خۆی لەچوارچێوەی ئەو ئاشتییەدا ببینێتەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا پێشتر چەندین جار ڕوبەڕوی دۆخی هاوشێوە بوەتەوە بەڵام بەهۆی نەبونی هەنگاوی دروستەوە ئەنجامی باشی نەبوە، بۆیە ئێستا کاتی هاتوە بەجددی کار بۆ چاکسازیی یاسایی و سیاسی بکرێت کە لەکۆتاییدا خزمەت بەپرسی ئاشتی و دیموکراسیی گشتی بکات.
