شارپرێس:
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای لەلایەنگرانی کرد پشتیوانی لەهەڵمەتی چاکسازییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەن و داوای "وەستانێکی ئاشتییانە"ـشی بۆ پشتیوانیکردن لەعەلی فالح زەیدی کرد.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لەوتارێكدا ڕایگەیاند،"ئێمە هەمیشە داواکاری چاکسازی بوین و هیچ شتێک لەگەڵ گەندەڵکاران کۆمان ناکاتەوە، تەنانەت لەخۆشەویستیی حوسێنیش دا".
سەدر داوای "وەستانێکی ئاشتییانە"ـی بۆ پشتیوانیکردن لەعەلی فالح زەیدی کردو بەسەربازی چاکسازی ناوی بردو وتی،"دەبێت پشتیوانی بین بۆ ئەوەی شکۆی بەهێزتر بێت و رێگری بکەین لەو گەندەڵکارانەی دەیانەوێت گوشار بخەنە سەری و لەو هەڵمەتە بوێرانەی پاشەکشەی پێ بکەن، کە زۆر کەسی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات ترساندوە".
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە سوپاسی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، سەرۆکی پەرلەمان و هێزە ئەمنییەکانی کرد، کە هاوکاریی سەرۆک وەزیرانیان کردوە. هاوکات گەندەڵکارانی بەبەرپرسیاری یەکەم زانی لەپاراستنی گیانی زەیدی و هەموو ئەو چاکسازیخوازانەی دەیانەوێت شکۆ بۆ نیشتمان و ئایین و مەزهەب بگێڕنەوە.
لە(هەڵمەتی بەرەبەیان) دا، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیر کراون، کە 13ـیان پەرلەمانتاری ئەم خولەن و یەکێکیشیان پەرلەمانتاری خولی رابردوە. هەروەها دوو بریکاری وەزارەتی نەوت لەناو دەستگیرکراوەکاندان.