شارپرێس:
وڵاتانی ئەندام لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوەكان، داوا لەئێران دەكەن دەستبەجێ هێرش و پەلامارەكانی ڕابگرێت و گەروی هورمزیش بەڕوی هاتوچۆی كەشتییەكان بكاتەوە.
ئەمڕۆ لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، مایك واڵتز، نوێنەری ئەمریكا ڕایگەیاند، ئێران سەرباری واژۆكردنی لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام تائێستاش ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنەكە فەرامۆش دەكات و خۆی لەپابەندییەكانی دەدزێتەوە.
نوێنەری ئەمریكا هۆشداریشی دایە تاران كە خەریكە ئارامگریی ترەمپ بەرامبەریان نامێنێت و چیتر بەرامبەر پێشێلكارییەكانی بێدەنگ نابێت.
لەكۆبونەوەكەدا زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، داوایان لەكۆماری ئیسلامیی ئێران كرد، كۆتایی بەهێرش و پەلامارەكانی بۆسەر وڵاتانی كەنداو بهێنێت و دەستبەجێش گەروی هورمز بەبێ هیچ كۆت و بەندێك بەڕوی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان بكاتەوەو دۆخی كەشتیوانی لەگەروەكەدا ئاسایی بكاتەوە.