قەرزەكانی عێراق ئاشكرادەكرێت.. كاریگەری لەسەر موچە دەبێت؟

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 339 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاشکرایدەکات، قەرزە ناوخۆییەکان لە 100 تریلیۆن دینار تێپەڕیوەو ئەو قەرزە دەرەکییانەشی کە دەبێت تا ساڵی 2028 بدرێتەوە نزیکەی 9 ملیار دۆلارە، جەختیشی كردۆتەوە، كە قەرزەكان هیچ كارگیەرییەكی لەسەر موچەو دۆخی هاوڵاتیان نابێت.


مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سیاسەتی دارایی ئێستا بۆ 10 ساڵی داهاتوو ئەوەیە، حکومەت داهاتە نانەوتییەکان بەرزبکاتەوە بەشێوەیەکی پلەبەندی، بۆ ئەوەی بگاتە نزیکەی 45% کۆی داهاتە گشتییەکان، بەبەراورد بەدۆخی ئێستا کە 10% تێناپەڕن.

هاوكات، ڕاوێژكارەكەی زەیدی وتوشیەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئاڵنگاریی سەرەکی لەبەردەم عێراق قەبارەی قەرزەکە نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی کورتهێنانی دارایی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی گشتییە، ئەمەش لەڕێگەی باشترکردنی کۆکردنەوەی باج و گومرگ، بەئەلکترۆنیکردنی سیستەمە داراییەکان، چالاککردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان و چاکسازی لەکەرتی بانکی چاک دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە، كە قەرزەكانی عێراق و دۆخی درایی هیچ كارگیەرییەكی لەسەر موچەو دۆخی هاوڵاتیان نابێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەفتەی پێشوو عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندبوو، قەبارەی قەرزەکانی سەر حکومەت لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێدا گەیشتوەتە 208 تریلیۆن دینار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی کراوە و بەشێوەیەکی ڕێک و پێک دابەش دەکرێت.

بەپەلە