شارپرێس:
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشكرایدەكات، کەسانی فێڵباز دۆسیەی عەدنان جومەیلی بەکاردەهێنن بۆ هەڕەشەکردن لەسەرمایەداران و دەشڵێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان دەدەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادوەری لێکۆڵینەوە لەدادگای ناوەندیی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند،"هەندێک کەسی فێڵباز لەچەند دامەزراوەیەکی فەرمی و نافەرمی، دۆخی لێکۆڵینەوە لەدۆسیەی تۆمەتبار عەدنان محەممەد حەمود جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەقۆزنەوە".
بەگوێرەی ڕونکردنەوەکە، ئەو کەسانە پەیوەندی بەسەرمایەدارانەوە دەکەن و پێیان دەڵێن کە ناویان لەلێکۆڵینەوەکاندا هاتوە، ئەمەش بەمەبەستی ترساندن و وەرگرتنی پارە (سەرانە) لێیان.
دادگاکە داوا لەهاوڵاتییان، بەتایبەتی سەرمایەداران دەکات بڕوا بەو قسە ناڕاستانە نەکەن و نەچنە ژێر باری هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیەوە؛ هەروەها داوا دەکات لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی هەر دۆخێکی لەو جۆرەدا پەیوەندی بەژمارە تەلەفۆنی (07718454304) بکەن.
دادگاكە جەختیکردوەتەوە کە "توندترین رێکاری یاسایی" بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان و ناوزڕاندنی هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەریی و حکومەت لەپرۆسەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیدا دەدەن.
لە 30ی ئایاری 2026دا عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. لە 22ی حوزەیران، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، تێکڕای ئەو موڵک و ماڵەی ئەو بەرپرسە کە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتوەتە 10 ملیۆن دۆلارو 31 ملیار دینار و 70 موڵک.
