شارپرێس:
وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن هۆشداری توند بەسعودییە دەدات و دەڵێت، هێزەکانیان ڕوبەڕوی پێکهاتەیەکی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە بونەتەوە کە هەوڵیانداوە رێگری لەنیشتنەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئێرانی لەسەنعا بکەن و ڕاشیدەگەیەنێت، حوسییەکان هۆشداری دەدەن لەئەگەری دوبارەبونەوەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان، فڕۆکەخانەکانی ناوخۆی سعودیە دەکەنە ئامانج.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی گروپی حوسییەکانی یەمەن (ئەنساڕوڵڵا)، ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی یەمەن ڕوبەڕوی کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگیی سعودی بونەتەوە. سەریع دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە سنوری ئاسمانیی یەمەنیان بەزاندوە بەمەبەستی رێگریکردن لەنیشتنەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئێرانی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، بەڵام بەموشەکی بەرگریی ئاسمانی کراونەتە ئامانج و ناچاری کشانەوە کراون.
کەناڵی مەسیرەی سەر بەحوسییەکان ئاشكرایكردوە، فڕۆکە ئێرانییەکە توانیویەتی بەسەرکەوتویی لەسەنعا بنیشێتەوە کە زیاتر لە 200 سەرنشینی نەخۆش و برینداری یەمەنی تێدا بوە. دواتر فڕۆکەکە شاندی فەرمیی حوسییەکانی گواستوەتەوە بۆ تاران، بەمەبەستی بەشداریکردن لەرێوڕەسمی پرسەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوی ئێران. یەحیا سەریع لەم بارەیەوە جەختی کردەوە کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سەنعاو تاران بەردەوام دەبن، "بێ گوێدانە ئەنجام و لێکەوتەکانی".
لەبەرامبەردا، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان هۆشداریی توندی دایە سعودیە و ڕایگەیاند، هەر هەوڵێکی تری بەزاندنی ئاسمانی یەمەن و رێگریکردن لەگەشتە مەدەنییەکان، بەوەڵامێکی گشتگیر ڕوبەڕوو دەبێتەوەو لەڕێگەی زەمین و دەریاوە فڕۆکەخانە و بەرژەوەندییە گرنگەکانی سعودیە دەکەنە ئامانج.
