یەكەم وڵات كەشتییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كشاندەوە

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، دوای لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکەی نێوان ئەمریکاو ئێران، وڵاتەکەی بڕیاریداوە پێگەی هێزە دەریاییەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكشێنێتەوە.


هاوكات، میدیاكانی وڵاتەكەی ئاشكرایانكردوە، فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام کەشتی و فڕۆکەکانی تایبەت بەمینپاککردنەوە بۆ دڵنیابون لەئاسایشی کەشتیوانی لەگەروی هورمزدا دەمێننەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: دوای گفتوگۆیەکی بنیاتنەر کە لەگەڵ سوڵتانی عومان ئەنجامیداوە، بڕیاری داوە گۆڕانکاری لە پێگەی سەربازیی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری فەرەنسی شارل دیگۆل دەگەڕێتەوە بۆ بەندەری بنکە جەنگییەکەی لە شاری تۆلۆن لەباشوری فەرەنسا، بەڵام کەرەستە و هێزەکانی فەرەنسا بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی پێکهاتوون لە دوو کەشتیی تایبەتی مین پاکەرەوە، دوو فرۆکەی جەنگی و فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی، لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و لەئامادەباشی تەواودا دەبن بۆ هەماهەنگی و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەواژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکاو ئێران لە 17ی حوزەیرانی ڕابردودا کردو نوسیویەتی،"ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی و دوبارە جەختکردنەوە لەسەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەروی هورمزدا".

ماکرۆن جەختی کردەوە، فەرەنسا بەتەواوی لەناوچەکەدا کارا دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت لەرێکخستنی شێوازی بڵاوبونەوەی هێزەکانی بەپێی پێشهاتە سیاسییەکان و پێداویستییە ئەمنییەکانی گەروی هورمز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.