شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تەنیا پشت بەئەمریکا نابەستێت و دۆستی دیکەی وەک هیندستانی هەیەو لە 99%ـی کاتەکاندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕان بەڵام پشتی تەواوەتی بەكەس نابەستن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، وەڵامی لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە وتبوی، ئەمریکا تاکە هاوپەیمانی ئیسرائیلە؛ و ئاماژەی دا، وڵاتەکەی خاوەن دۆستی دیکەشە لەجیهانداو پاڵپشتییەکی جەماوەری و سیاسیی مێژویی لەلایەن دەوڵەت و خەڵکی هیندستانەوە هەیە.
سەبارەت بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوان لە 99%ـی کاتەکاندا هاوبیرو هاوڕان، هەرچەندە وەک هەر پەیوەندییەکی ئاسایی، هەندێک کات جیاوازن لەناوانیاندا دروست دەبێت.
ناتانیاهۆ هیچ وەڵامێکی نەرێنی بەرامبەر بەلێدوانەکەی پێشوی ترەمپ نەدایەوە کە وتبوویـ "ئەو دەزانێت کێ لێرە سەرۆکە، بەڵکو جەختی کردەوە کە ئەمریکا سەرکردەی جیهانی ئازادەو ئیسرائیلیش "تاکە دیموکراسیی ڕاستەقینەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، گۆڕانی تێڕوانینی بەشێک لەگەنجانی لایەنگری پارتی کۆماریی ئەمریکای بەرامبەر بەئیسرائیل، بۆ بڵاوبونەوەی زانیاریی ناڕاست لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گەڕاندەوە.
ناتانیاهۆ ئەو رەخنانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئیسرائیل لەدۆخی جەنگی بەردەوامدایەو بەڵگەی بەواژۆکردنی چوار رێککەوتنی ئاشتیی "ئەبراهام" لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا هێنایەوە.
