کارگەی شانۆ: بڕیارێکی حکومەت، هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 353 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کارگەی شانۆ وەک جوڵانەوەیەکی هونەریی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان سانسۆر بۆ کاری هونەریی دروست دەکات و دەڵێن: ئێمە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست.

کارگەی شانۆ لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ شارپرێس نێردراوە ڕایدەگەیەنن "لەکاتێکدا ئەمڕۆ جیهان بە شەرمەوە یادی ئەو بڕیارانە دەکاتەوە کە لەسەدەکانی پێشوودا بۆ سانسۆرکردنی کارە هونەرییەکان دەرکران، بەڵام لە باشووری کوردستان و لەجێگەیەک کە دەسەڵاتدارەکانی شانازیی بە "ئازادی"یەکەیەوە دەکەن، بەبڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان داوای سانسۆرکردنی ئەو فیلم، شانۆگەریی و درامایانە دەکرێت، کە کارەکتەری "پۆلیس"ی تێدایە و پاساوەکەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی "نابێت پۆلیس بە شێوەیەکی نەشیاو نیشان بدرێت و سوکایەتی پێبکرێت".

ئاماژەیان بەوەشداوە"ئێمە لە کارگەی شانۆ لە دەسەڵاتداران دەپرسین: ئەو زمانەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ هێرشکردنەسەر یەکتر بەکاریدەهێنن، لەگەڵ زمانی هونەریی شانۆکار و سینەماکاراندا، کامەیان ژەهراوین؟ لە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بپرسیت؛ دەتەوێت سیاسییەک بێدەنگ بێت یان هونەرمەندێک؟ وەڵامەکەی بۆ دەسەڵاتدار و حوکمڕانانی باشووری کوردستان بە ئازار دەبێت".

به‌گوێره‌ى نوسراوەکە کە بەئیمزای لیواى مافپەروەر تاریق ئەحمەد ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم دەرچوە ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، دوای تێبینییەکانی پۆلیسی هەولێر، دەرکەوتوە لەهەندێک (فیلم، دراماو شانۆگەری)دا، کارەکتەری پۆلیس بەشێوازێکی نەشیاو پیشاندراوە کە زیان بەشکۆی ئەم دامەزراوە هەستیارە دەگەیەنێت.

به‌گوێره‌ى بڕیارەکە، "نابێت هیچ مۆڵەتێکی پێشوەختە بەمجۆرە کارانە بدرێت بەبێ ڕەزامەندی پۆلیس‌و سەرپێچیکارانیش به‌گوێره‌ى مادەی (226)ی یاسای سزادانی عێراقی ڕوبەڕوی سزای یاسایی دەبنەوە".

دەقی بەیاننامەکەی کارگەی شانۆ:

بەیاننامەیەک لە کارگەی شانۆوە دەربارەی بڕیارێکی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بۆ سانسۆرکردنی کاری هونەریی
لەکاتێکدا ئەمڕۆ جیهان بە شەرمەوە یادی ئەو بڕیارانە دەکاتەوە کە لەسەدەکانی پێشوودا بۆ سانسۆرکردنی کارە هونەرییەکان دەرکران، بەڵام لە باشووری کوردستان و لەجێگەیەک کە دەسەڵاتدارەکانی شانازیی بە "ئازادی"یەکەیەوە دەکەن، بەبڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان داوای سانسۆرکردنی ئەو فیلم، شانۆگەریی و درامایانە دەکرێت، کە کارەکتەری "پۆلیس"ی تێدایە و پاساوەکەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی "نابێت پۆلیس بە شێوەیەکی نەشیاو نیشان بدرێت و سوکایەتی پێبکرێت".

زیاتر لە سەدەیەک بەر لە ئێستا لە ژێر حوکمی مۆسۆلینی دا  هەر کارێکی هونەریی لەلایەن"کۆمیساری پۆلیس"ەوە مۆر نەکرایە، مافی نمایشکردنی پێ نەدەدرا، لەو سەردەمەدا قەدەغە بوو باس لە ڕۆڵی پۆلیس لە ئیتاڵیا بکرێت، چونکە دەسەڵاتەکەی مۆسۆلینی پێیوابوو نابێت پۆلیس وەها وێنابکرێت کە ناتوانێت کۆنترۆڵی وڵات بکات. ئێمە لە کارگەی شانۆ بەلامانەوە سەیرە حکومەت پێیوابێت هونەرمەندان "سوکایەتی" بە ڕۆڵی پۆلیس بکەن، لەکاتێکدا دەرکەوتووە لەماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا ئەوەی بە ڕاستی سوکایەتی بە پۆلیس و تەواوی فەرمانبەرە دەوڵەتییەکانی دیکە کردووە، کێ بووە!

ئێمە لە کارگەی شانۆ لە دەسەڵاتداران دەپرسین: ئەو زمانەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ هێرشکردنەسەر یەکتر بەکاریدەهێنن، لەگەڵ زمانی هونەریی شانۆکار و سینەماکاراندا، کامەیان ژەهراوین؟ لە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بپرسیت؛ دەتەوێت سیاسییەک بێدەنگ بێت یان هونەرمەندێک؟ وەڵامەکەی بۆ دەسەڵاتدار و حوکمڕانانی باشووری کوردستان بە ئازار دەبێت.

ئەو داواکارییەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆی کردووە و داوایکردووە ئاگاداری وەزارەتی ڕۆشنبیری بکرێت کە کار بەو رێوشوێنە نوێیانە بکات، نیشاندەری ئەوەیە وەزارەتی ڕۆشنبیریی نەك ڕۆڵی سەربەخۆی نیە لە پاراستنی ئازادیی کارکردنی هونەرمەندان، بەڵکو بووەتە وەزارەتێک کە ڕێنمایی لە دامەزراوە ئەمنیەکان وەردەگرێت، هەر شتێکیش بە پێوەری ئەو دامەزراوە ئەمنیانە مەترسیدار بێت، وەزارەتی ڕۆشنبیریی بێ دودڵیی دەیخاتە نێو بازنەی سوری قەدەغەکردنیەوە.

بەپێی ئەو پێوەرەبێ کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس دایناوە، دەبێت بەشێک لە فیلمەکانی ژاک تاتی کە لە ڕێگەی جلی جیاواز و جووڵە کۆمیدییەکانەوە کارەکتەری پۆلیسی بەرجەستە دەکرد، دەبێت قەدەغە بکرێن. دەبێ بەڕێکەوت مردنی ئەنارشیستێک-ی داریۆفۆ هەر لە بنەڕەتەوە قەدەغە بکرێت، دەقی شانۆیی سەگ و بەرازەکان-ی سلاڤۆمێر مرۆژیک دەچێتە خانەی تاوانەوە، چونکە باس لە "دەزگای پۆلیس" دۆخی وڵاتێک دەکات کە هیچ تاوانبارێکی تێدا نەماوە و پۆلیسەکان تووشی قەیران بوون، چونکە ئەگەر تاوانبار نەبێت، بوونی پۆلیس مانای نییە، دەیان نمونەی دیکە... لە دەقە کوردییە زیندووەکانیش؛ تەنەکە، بەهاری دزراو، مەرەزە، مانگرتن، حەمەدۆک، خولەچەخماخە، زۆربەی کارەکانی کۆڕی شانۆی با و زۆربەی کارەکانی تیپی پیشڕەوی شانۆی کوردی، کارەکتەری پۆلیس تیایاندا ئامادەییەکی بەهێزی هەیە.

کارگەی شانۆ لەسەرەتای خۆڕاگەیاندنیەوە پشتیوانێکی بەهێزی ئازادیی کاری شانۆیی بووە، لەو چوارچێوەیەدا پانێڵێکی ڕێکخست و لەبەشێکیدا باسی لە مەترسییەکانی سانسۆری دەقی شانۆیی لە شاری سلێمانی بەر لە نمایشکردنی کرد. ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی کارکردن، پەیامێکی ئازاد دروست دەکات، کارگەی شانۆ ناتوانێت لەژێر هیچ ناونیشانێک و بۆ هیچ پاساوێک سازشی لەسەر بکات.

ئێمە لە کارگەی شانۆ داوا لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان دەکەین؛  ئەگەر بڕیارە پارێزەری ئازادیی کارکردنی هونەرمەندان بن، لەپاڵ ئێمەدا یەک دەنگ بن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، داوا لە وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین؛ لەسەروبەندی کۆتاییهاتنی ماوەی کارکردنی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، کارێک بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە و بۆ هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی بسەلمێنێت ئەوەی حەوت ساڵە لەبارەی بێتوانایی ئەدای وەزیر و وەزارەتەکەی دەگوترێن، ناڕاستن.

کارگەی شانۆ
12-7-2026