هەرێم بڕێکی زۆری زێڕ ڕادەستی عێراق دەکاتەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، توانراوە ڕيکاری پێویست بەرانبەر گەندەڵکاران بگیرێتەبەر و دەستبەسەر بڕی 358 کیلۆگرام زێڕدا بگیرێت، کە دواتر ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراق کراوە.


نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لە چوارچێوەی ئەو هاریکاری و هاوئاهەنگییە بەهێز و بەردەوامەی لە نێوان عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدار و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد تاکو  لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ پێکەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەنده‌ڵیی و لێپیچینەوە لە گەندەڵکاران کار بکەن  ".

 ئەوەشیخستەڕوو، لە ماوەی ڕابردوشدا، لەئەنجامی ئەو هاریکارییەی نێوان هەردولا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی، توانرا ڕيکاری پێویست بەرانبەر گەندەڵکاران بگیرێتەبەر و دەستگیر بکرێن و بڕێکی زۆری پارە و زێڕ و موڵک و سامان بگەڕێنرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.

لەم چوارچێوەیەدا و لە دوایین کردەوەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەردا گیراویان، ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراقی فیدراڵ کرد.