شارپرێس:
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراق ئهمڕۆ پێنجشەممە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی بەقاچاخبردنی چەکو تەقەمەنی لەودیو سنورەوە بۆ ناوخاکی سوریا ئاشکراکرد، دوای ئەوەی دیمەشق دەستى بەسەر بارەکەدا گرت، جهختیكردهوه، "ئهوچهكانه بهمهبهستى گهیاندنى بهحزبوڵڵای لوبنان بوە".
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى میدیاى عێراقى ئاشكرایكردوه، نۆ ڕۆژ لهمهوبهر، تانکەرێک لەڕێگەی وشکانییەوە خاکی عێراقی بەرەو خاکی سوریا بەجێهێشتوە، دوای ئەوەی مامهڵه فەرمیەکانی وەک بارێکی "نەوتی ڕەش" خراوەتەڕوو، دەمی تانکەرەکەش لەلایەن گومرگەکانەوە داخراوەو بەتەواوی مۆرکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێش گەیشتن بەشوێنی کۆتایی، کردنەوەی قەدەغەیە بەبیانوی دورکەوتنەوە لەڕەتکردنەوەی بارەکە لەلایەن وڵاتی مەبەستەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تانکەرەکە دەروازە سنورییەکانی بەزاندوە، بەتایبەتی لەڕێگەی دەروازەی وهلیدى عێراقو تهنهفى سوریاوه، بەسودوەرگرتن لەنەبونی ئامێری سۆناری تایبەتمەند بۆ دەستنیشانکردنی چەک یان کەرەستەی قەدەغەکراو لهدەروازەکەدا، هەروەها نەتوانینی دەستنیشانکردنیان لەلایەن سەگی پۆلیس (K9) بەهۆی پێچانی ئەو چەکانە لەناو جانتای عەزلیو داپۆشراون بەڕۆنی ڕەشی ئەستور بۆ ئەوەی دەستنیشانکردنیان قورس بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تانکەرەکە توانیویەتی بەلای عێراقی بپەڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتن بەدیوی سوریاو پشکنینی بۆ دەکرێت، دەرکەوتوە کە بڕێکی زۆر چەکو موشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارکراوەو بەشێوەیەکی پیشەیی شاردراوەتەوە بەمەبەستی خۆدزینەوەو بەدەربازبون لەچاودێریی.
سەرچاوەیهكى ئەمنی وتویهتى، "ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ئەمنی جددی دەکات کە پێویستی بەلێکۆڵینەوەی بەپەلە هەیە بۆ دیاریکردنی بارودۆخی ڕوداوەکە، لێپرسینەوە لەبەرپرسانو بەهێزکردنی ڕێکارەکانی پشکنینو کۆنترۆڵکردن لەدەروازە سنورییەکان، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە ئەمە لەسەر ئاسایشی وڵاتو ناوبانگی دەروازەکانی دروستدەکات.
دەستەی گشتیی بەندەرو گومرگی سوریا پێشتر پێنجشەممەی ڕابردوو پشتڕاستیکردبوەوە کە هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەکی لەدەروازەی سنوری (وهلیدى دیوى عێراقو تهنهف-ى دیوى سوریا) پوچەڵکردبوەوە کە بەتوندی لەناو یەکێک لەو بارههڵگره نەوتهەڵگرانەدا شاردرابونهوه کە بەرەو شاری بانیاسى سوریا دەڕۆیشتن.
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی سوریا لەڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی (سانا)وه ڕایگەیاندوه، هەوڵی بەقاچاخبردنی بارێكى گهورهى چەکو موشەکی لەودیوی سنورەوە پوچەڵکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوه، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستوە کە ئەو بارەى دەستی بەسەرداگیراوە، ههوڵدراوه بەقاچاخ بەسەر خاکی سوریادا بگوازرێتەوە بۆ بەرژەوەندیی حزبوڵڵای لوبنان.
