خاتەمولئەنبیا هه‌ڕه‌شه‌ى قورس ده‌كات‌و زه‌یدیش وه‌ڵامێكى توندى هه‌یه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای کۆماری ئیسلامی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کردو ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک، ده‌ڵێت، "ئەگەر هێرشه‌كان بۆسەر ژێرخانەکانمان به‌رده‌وامبن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ تەواوی ژێرخانی ناوچەکە تێکدەشکێنین"، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش ده‌ڵێت، "بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەم هەوڵە تێکدەرانە ناکەین کە دەیانەوێت سەقامگیریی‌و ئاشتیی کۆمەڵایەتی گەلەکەمان تێکبدەن".

ئیبراهیم زوڵفەقاری وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا له‌په‌یامێكدا ده‌ڵێت، "بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەدەستوەردانی ئەمریکا وەک هێزێکی دەرەکی لەگەروی هورمز ناده‌ین‌و ئەم بابەتە بەهێڵی سوری بەزێنراوی خۆمان دەزانین".

زوڵفه‌قارى ده‌ڵێت، "لەئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانەکانی ئێران، ئێمه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، تەواوی ئەو ژێرخانانەی ناوچەکە کە تائێستا بەهۆی دانبەخۆداگرتنی ئێرانەوە سەلامەت ماونەتەوە، بەتەواوی تێکدەشکێنرێن‌و چیتر بێده‌نگ نابین".

هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، شەوی ڕابردوو ئاسمانی شارەکانی هەولێرو سلێمانی کەوتنەبەر هێرشێکی درۆنی چڕی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەهەولێر چەند درۆنێکی تێکشکاندوە.

لەکاردانەوەی توندا بەرامبەر بەو هێرشانه‌ى كرانه‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌واشنتۆنه‌وه‌ بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کردو ڕایگه‌یاند، "ئێمە بەتوندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین کە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکەکەمانە، بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەم هەوڵە تێکدەرانە ناکەین کە دەیانەوێت سەقامگیریی‌و ئاشتیی کۆمەڵایەتی گەلەکەمان تێکبدەن".

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکانی بەغدا کردوە کە لەنزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان (پێشمەرگەو ئاسایش) بکەن بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانەو پاراستنی ئاسایشی وڵات".