شارپرێس:
لەلایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، كۆڵبەرێكی گەنجی خەڵكی سەردەشت بە ناوی زانیار ئێران نژاد لە كاتی كۆڵبەری لە بەرزاییە سنوورییەكانی شاری سەوڵاوای هەورامان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ كوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێزەكانی جێگیر لە بەرزاییە سنوورییەكانی گوندی دەرەكێ بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت و لە مەودایەكی نزیكەوە، گرووپێك لە كۆڵبەرانیان لە بەرزاییە سنوورییەكانی گوندەكە دایە بەر دەستڕێژی گوللە كە بووە هۆی كوژرانی زانیار ئێران نژاد كۆڵبەری تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵكی سەردەشت.
بە گوێرەی ئامارەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا، سێ كۆڵبەری كورد لە سنوورەكانی نەوسوود، مەریوان و سەوڵاوا و هەروەها منداڵێكی ١٥ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژراون.