شارپرێس:
ڕۆژی سێشەممە تەقینەوە و بۆردومان لە ئێران ناوبەناو بەردەوام بوو ئەمەش لەكاتێكدایە كە گرژییە سەربازییەكانی ئێران و ئەمریكا بەردەوام لە هەڵكشاندایە، ئەمەش ترسی شەڕێكی تەواوی لێ دەكرێت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فارس، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە دوورگەی قشم لە نزیك گەرووی هورمز دەنگی تەقینەوە بیستراوە. ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ناوچەی ماسین لە دوورگەكەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار كراوەتە ئامانج بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاویكردەوە دەنگی پێنج تەقینەوە لە نزیك گەرووی هورمز، لە دەوروبەری شاری بەندەر عەباسی كەناراو لە كەنداو بیستراوە، ناوچەیەك بووەتە ئامانجی هێرشەكانی ئەمریكا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.
لە ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێراندا هاتووە، "چەند خولەكێك لەمەوبەر دەنگی پێنج تەقینەوە لە ڕۆژئاوای بەندەر عەباس بیستراوە"، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو. ئەمەش لە كاتێكدایە كە گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لەسەر كۆنترۆڵكردنی گەرووی ستراتیژیكی هورمز هەڵكشاون.
هەروەها سوپای ئەمریكا بۆردومانی شاری بوشەهری كردو ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ئێرنا لە زاری ئیحسان جەهانیان جێگری پارێزگاری بوشەهرەوە بڵاویكردەوە "چوار شوێنی شاری بوشەهر لەلایەن دوژمنەوە بۆردومان كران".
سوپای ئەمریكا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە كێڵگەیەكی نەوتی لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران لە نزیك سنوورەكانی لەگەڵ عێراق بۆردومان كردووە.
