شارپرێس:
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەمریكی و ئیسرائیلییانەی قسەیان بۆ ماڵپەڕی ئەكسیۆس كردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كردووە، هێزەكانی ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان بكشێنێتەوە.
ئەو بەرپرسانە پشتڕاستیان كردەوە كە ترەمپ بە ناتانیاهۆی وتووە كە دەبێت هێزەكانی ئیسرائیل لە دەرەوەی سوریا و لوبنان جێگیر بكرێنەوە.
هەروەها ئەو بەرپرسانە ڕوونیان كردەوە كە ترەمپ پێی وایە بوونی سەربازی ئیسرائیل لە سووریا گرژی دروست دەكات و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەكان.
بەگوێرەی ئەكسیۆس، ناتانیاهۆ وەڵامی ترەمپی داوەتەوە و وتی، ئیسرائیل پێویستی بە ناوچەی ئەمنی هەیە بەدرێژایی سنوورەكانی.
هەروەها ئەكسیۆس لە زاری سەرچاوەیەكی دیكەوە ڕایگەیاندووە كە ئیدارەی ترەمپ گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە ناتانیاهۆ ئامادە نییە ئەو ئیمتیازانە بدات كە واشنتۆن لە سووریا و لوبنان بەدوایدا دەگەڕا.
بەرپرسانی باڵای حكومەتی ئیسرائیل دەیانەوێت كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكەن، تەنانەت هەندێكیان خواستی دامەزراندنی شوێنی نیشتەجێبوونی جولەكەكانیشیان لەو شوێنانە هەیە.
بە وتەی بەرپرسێكی ئەمریكی، ترەمپ بە ناتانیاهۆی وتووە "ئەوان تۆیان ناوێت لەوێ، دەبێت دووبارە هێزەكان دابەشبكەیتەوە، هەمان شت بۆ لوبنانیش دەگونجێت".
ئیدارەی ترەمپ لە هەوڵی ڕێككەوتنێكی نوێی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سوریادا بووە، پێش ئەوەی لە كۆتاییدا بگاتە ئەو ئەنجامەی كە ناتانیاهۆ ئامادە نییە ئەو سازشانە بكات كە ترەمپ داوای دەكات.
بە وتەی بەرپرسانی ئەمەریكا، ئەم سازشانە بریتی بوون لە كشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل لە خاكی سووریا كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە لە كانوونی یەكەمی ٢٠٢٤ داگیری كردووە.
