شرپرێس:
شیکەرەوەیەکی ئێرانی لە بواری کاروباری نێودەوڵەتییدا پێشبینی دەکات کە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هێشتا لاوازە، هەرچەندە ئاستی مەترسییەکان بە بەراورد بە ڕابردوو بەرزبووەتەوە.
کورۆش ئەحمەدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئارمان میللی" ئاماژەی بەوە کردووە کە جەنگی هەمەلایەنە لە ئێستادا لە ئەجێندای ئەمریکییەکاندا نییە، بەڵام پێکدادانەکان لەوانەیە لە شێوازی کردەوەی سەربازیی سنووردار و گەمارۆی دەریاییدا بەردەوام بن.
لەبارەی کاریگەریی کۆچی دوایی سیناتۆری کۆمارییەکان لیندسی گراهام لەسەر سیاسەتەکانی کۆشکی سپی، ئەحمەدی ڕوونیکردۆتەوە کە هێز و ڕەوتە سیاسییەکان کاریگەرییان لە کەسەکان زیاترە.
ئەو وتویەتی: لە دەوروبەری دۆناڵد ترەمپدا ڕەوتی جیاواز هەن؛ بۆ نموونە، جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس نوێنەرایەتی ڕەوتێک دەکات کە دەیەوێت دەستێوەردانی سەربازیی دەرەکی لە کەمترین ئاستدا بێت و دژی بەشداریی ئەمریکایە لە جەنگەکاندا، لە کاتێکدا مارکۆ ڕووبیۆی وەزیری دەرەوە تا ڕادەیەک سەر بە باڵی فراوانخواز و توندڕەوی پارتەکەیە.
ئەم دیپلۆماتکارە پێشووەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە گراهام کاریگەریی خۆی هەبووە، بەڵام بڕیاردەری کۆتایی نەبووە، چونکە ترەمپ خۆی لەوانەیە لە هەر کاتێکدا بەرەو جەنگ یان ئاشتی و نەرمی بنوێنێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی کۆنگرێس، ئەحمەدی پێی وایە کۆنگرێس دەسەڵاتێکی سنووداری لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە و سەرۆک وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی زۆری هەیە.
هەروەها جەختی کردۆتەوە کە جەنگ دژی ئێران لە نێو ڕای گشتیی ئەمریکادا لایەنگری نییە، بۆیە ئەندامانی کۆنگرێس بۆ مهبهستی ههڵبژاردن دژی جهنگ دهوهستنهوه بێ ئهوەی کاریگهریی ڕاستهوخۆیان لهسهر بڕیارهکانی سهرۆک ههبێت.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە هەرچەندە ئەگەری جەنگێکی گشتگیر هاوشێوەی جەنگی 40 ڕۆژەی ڕابردوو هەیە، بەڵام هێشتا بەو ئاستە نهگهیشتووه و پێشهاتەکانی داهاتوو چارەنووسی دیاری دەکەن.