زەیدی لەواشنتۆنەوە په‌یامێكى ئاراسته‌ى گروپه‌ چه‌كداره‌كان كردو وه‌زیرى خه‌زێنه‌ى ئه‌مریكاش دڵنیایی به‌عێراق ده‌دات

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، حکومەتەکەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا خستوەتە پێشەنگی کارەکانی.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى نوسینگەی زەیدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق ئێوارەی دوێنێ، لەشوێنی حه‌وانه‌وه‌ى خۆی لەواشنتۆن، پێشوازیی له‌سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکاو وه‌فدێكى هاوڕێی کرد.

لەو دیدارەدا زه‌یدیى جەختیکردەوە، "عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی جیاوازدایەو تێیدا هەوڵدەدات دەوڵەتێکی بەهێز، خاوەن سەروەری، بێ گەندەڵی‌و خاوەن ئابورییەکی بەهێزو بەردەوام بونیادبنێت".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، حکومەت لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕێکاری گرنگەوە، دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا خستوەتە پێشەنگی کارەکانی.

هەروەها ڕونکردنەوەیدا کە "عێراقییەکان لەساڵی داهاتودا ئەنجامی ئەم ڕێکارانە دەبینن کە تێیدا چەندین دۆسیە باشتربونیان بەخۆوە دەبینێت، لەپێشەنگیاندا وزەو وەبەرهێنان، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی سەقامگیریی".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "حکومەت بەردەوامە لەجێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازیی‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گشتگیر بۆ کەرتی بانک‌و کەرتی دڵنیایی، لەگەڵ چاکسازیی باج‌و گومرگ، بەشێوەیەک کە هاوکاربێت لەبونیادنانی ئابورییەکی کاراترو بەردەوامتر".

لای خۆیەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی حکومەتی عێراق دەربڕی، بەتایبەت بۆ ئاراستەو هەوڵە جدییەکانی لەگواستنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لەبونی سەربازییەوە بۆ وەبەرهێنان، گەشەپێدانی ئابوریی‌و پێشخستنی کەرتی کارو هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی گەشەی ئابوریی ڕاستەقینە، لەڕێگەی سودوەرگرتنی تەواو لەو سەرچاوەو توانایە ئابورییانەی کە عێراق هەیەتی.

بێسێنت ئامادەیی ئەمریکای نیشاندا بۆ یارمەتیدان‌و توانادارکردنی عێراق لەپێناو جێبەجێکردنی پلان‌و بەرنامە ئابورییەکانی، لابردنی ئەو بەربەستانەی کە دێنە بەردەم گەشەپێدان‌و کارکردن بۆ دۆزینەوەی خشتەیەکی کاتیی بەمەبەستی پشتگیریکردنی ئابوریی عێراق‌و بەهێزکردنی ڕێڕەوەکانی چاکسازیی ئابوریی‌و دارایی.