هێلانەیەک بۆ سیخوڕان.. لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی ژاپۆن دەخاتە چەقی شەڕی هەواڵگریی ڕوسیاوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی ژاپۆن نیازی خۆی بۆ توندکردنی ڕێکارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی چالاکییەکانی هەواڵگریی بیانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی پەردەی لەسەر پەرەسەندنی چالاکییە هەواڵگرییەکانی ڕوسیا لەناوخۆی ژاپۆن لاداو بەکارهێنانی وەک ناوەندو هێلانەیەک بۆ دەستکەوتنی تەکنەلۆژیاو پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکان کە دەچنە ناو پیشەسازییە سەربازییەکانی ڕوسیاوە.


ئەم هەڵوێستەی ژاپۆن لەکاتێکدادێت کە تۆکیۆ ڕوبەڕوی فشارێکی پەرەسه‌ندوی ڕۆژئاوایی دەبێتەوە بۆ داخستنی ئەو کەلێنانەی کە مۆسکۆ بەکاریاندەهێنێت بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانەی کە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا لەساڵی 2022وە بەسەریدا سەپێندراون.

ژاپۆن لەچەقی جەنگێکی هەواڵگریدا؟
مینۆرو کیهارا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دانی بەوەدانا کە "لەژێر ڕۆشنایی ژینگەی ئەمنیی بەپەلە گۆڕاودا، پێویستی بەگرتنەبەری ڕێکار دژی چالاکییەکانی هەواڵگریی بیانی ڕوو لەزیادبونە، لەوانەش هەوڵەکان بۆ دەستکەوتنی زانیارییە هەستیارەکان کە هەڕەشە لەئاسایشی نیشتمانی دەکەن"، جەختیکردەوە، تۆکیۆ "بەتوندییەکی زیاترەوە مەلەفی ئەم بابەتە بەڕێوەدەبات".

سەره‌ڕای ئەوەی حکومەتی ژاپۆن ڕاستەوخۆ لێدوانی لەسەر وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەکەی نیویۆرک تایمز نەدا، بەڵام ئەم لێدوانانە تەنها یەک ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە هاتن کە تێیدا ڕایگەیاندبوو، ڕوسیا ژاپۆنی گۆڕیوە بۆ ئەوەی وەک "هێلانەیەک بۆ سیخوڕان" وەسفیکردوە، ئەمەش بەسودوەرگرتن لەیاساکانی دژە سیخوڕیی کە بەراورد بەهەندێک وڵاتی ڕۆژئاوایی کەمتر توندن، جگە لەخاوەندارێتی بنکەیەکی پیشەسازیی پێشکەوتوو کە پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکان‌و تەکنەلۆژیای خاوەن بەکارهێنانی دوانی دابیندەکات کە دەچنە ناو دروستکردنی موشەک‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە.

تۆڕێکی نهێنی کە سزاکان دەبەزێنێت
به‌گوێره‌ى لێکۆڵینەوە ئەمریکییەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەلایەن یەکەیەکی نهێنی سەر بەهەواڵگریی سەربازیی ڕوسیا (GRU) کە بە"بەڕێوەبەرایەتی بیستەم" ناسراوە بەڕێوەدەبرێن، کە ئەندامەکانی لەژێر پەردەی دیپلۆماسی یان بازرگانیدا کاردەکەن، لەکاتێکدا (مەکسیم ڤلادیمێرۆڤیچ فێلچینکۆف) ئەفسەری ڕوسی سەرپەرشتی ئەو تۆڕە دەکات لەڕێگەی نوسینگەی کۆمپانیای "ئایرۆفلۆت" لەتۆکیۆ.

پێشبینییەکانی حکومەتی ئۆکرانیا کە لەلێکۆڵینەوەکەدا هاتوە ئاماژە بەوەدەکەن، نزیکەی 90٪ی موشەک‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕوسیا پێکهاتەی ژاپۆنییان تێدایە، کە لەڕێگەی تۆڕەکانی دوبارە هەناردەکردنەوە گەیشتونەتە مۆسکۆو بەوڵاتانی وەک ڤێتنام، ئۆزبەکستان‌و سریلانکادا تێدەپەڕن، نەک لەڕێگەی ناردنی ڕاستەوخۆ لەژاپۆنەوە.

هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایکردوە، ئۆکرانیا لەمانگی نیسانی 2025دا هەشت یاداشتی دیپلۆماسی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کردوە کە بەڵگەی تێدابوە لەسەر دۆزینەوەی پێکهاتەی ژاپۆنی لەناو ئەو چەکە ڕوسیانەی کە لەهێرشەکان دژ بەمەدەنییەکان بەکارهێنراون.

سەره‌ڕای جەختکردنەوەی ئەو کۆمپانیا ژاپۆنیانەی کە ناویان لەلێکۆڵینەوەکەدا هاتوە لەسەر پابەندبونیان بەسزا ئابورییەکان‌و ڕەتکردنەوەی هەناردەکردنی هەر بەرهەمێک بۆ ڕوسیا بەشێوەی ڕاستەوخۆ، بەڵام بەرپرسانی ڕۆژئاوایی پێیانوایە، لاوازیی سیستمی دژە سیخوڕیی‌و نەبونی دەزگایەکی سەربەخۆی هەواڵگریی دەرەکی، ژاپۆنیان کردوەتە یەکێک لەدیارترین گۆڕەپانەکانی ململانێی هەواڵگریی نێوان ڕوسیاو ڕۆژئاوا.

هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، حکومەته‌كه‌ى سەنا تاکایچی سەرۆک وەزیرانى ژاپۆن کار لەسەر چاکسازیی ئەمنیی بەرفراوان دەکات کە دامەزراندنی ئاژانسێکی ناوەندیی هەواڵگریی بۆ یەکەمجار لەدوای جەنگی جیهانی دوەمەوە لەخۆدەگرێت، هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بۆ داخستنی ئەم کەلێنانە.