بافڵ تاڵەبانی: لەمکاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لەهەولێر دەوەستین‌و هێرشکردنەسەر هەر یەکێکمان، هێرشە بۆسەر هەمومان

کوردستان

18/07/2026‌ 764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو، ئاسایش و سەروەریی نەتەوەکەمان ڕوبەڕوی پێشێلکارییەکی گەورەو قبوڵنەکراو بوەوەو دەشڵێت، هێرشێکی موشەکی بالیستی، کە لەئێرانەوە هاوێژرا، نیشتمانەکەمان و هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمانی کردە ئامانج.


سەرۆكی یەكێتی لەڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەوەشدەدات، كەلە سەروی هەموو شتێکەوە، کاری هەرە لەپێشینەمان بریتییە لەسەلامەتی، خۆشگوزەرانی و پاراستنی هاوڵاتیانمان. دەزگا فریاگوزارییەکان و هێزەکانی بەرگری بە تەواوی خراونەتە گەڕ و بێوچان کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لەسەرتاسەری وڵاتداو دەڵێت، لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لەهەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆ سەر هەمومان.

هاوكات، بافڵ تاڵەبانی داوا لەهەمووان دەکان کە ئارام و چاوکراوە بن و  دەڵێت، پابەندی رێنماییە فەرمییەکانی دەزگا ئەمنییەکانمان بن، هەمومان پێکەوە بەخۆڕاگری و رژدبونمانەوە دەوەستین".

جەختیش دەكاتەوە، كە ئەم کردەوە شەڕانگێزییە بەئەنقەستە، پێشێلکارییەکی توندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزکردنێکی بێ پاساوە. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات و دەشڵێت،" با ئەوە روون بێت: بەئامانجگرتنی نەتەوەکەمان بە تەواوی قبوڵنەکراوە، سەلامەتیی گەلەکەمان هێڵێکی سورە کە ناتوانرێت پێشێل بکرێت".

سەرۆكی یەكێتی باسی لەوەشكردوە" كە بەدوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیدا ناگەڕێین و خوازیاری ناسەقامگیریی زیاتریش نین لەناوچەکەدا، بەڵام نابێت دانبەخۆداگرتنمان بە کەمبونی ورە یان بێتوانایی لێکبدرێتەوە. ئێمە بەشێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە هەماهەنگیداین بۆ دەستەبەرکردنی وەڵامێکی دیپلۆماسی و بەرگریکردنێکی ژیرانە، یەکلاکەرەوە و بەهێز بۆ پاراستنی نەتەوەکەمان".

لەكۆتای ڕاگەیەندراوەكەیدا ئەوەی دوپاتكردەوە كە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم کردەوە دوژمنکارییانە دەکەین و داوای روونکردنەوەی دەستبەجێ دەکەین سەبارەت بەم پێشێلکارییانە. سەرنجی ئێمە بە تەواوی لەسەر بەرگری، هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی تەواوی هاوڵاتیانمان دەمێنێتەوە.