شارپرێس:
لەدیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس، د.حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشه سەرۆکی پێشوی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، خوێندنەوەیەکی قووڵو هۆشداریکەرەوەی بۆ دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەو پەیوەندییەکانی نێوان تارانو واشنتۆن كردو دهڵێت، "لەئێستادا دیپلۆماسی لەپەراوێزدایەو سەرکردە سەربازییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، ئەمەش وایکردوە دۆخەکە بەشێوەیەکی بێپێشینە گرژبێت".
ئەم بەرپرسە پێشوەی پهرلهمانى ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتو دەڵێت، "بەبێ ئیرادەو دەسەڵاتی دیپلۆماسی، ئێرانو ئەمریکا بەرەو شەڕێکی درێژخایەنو وێرانکەر دەڕۆن"، ئەو ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو وڵات لەچەقی شەڕێکی تەواودان کە ئەگەر ڕوبدات، بەزیانی تەواوی ناوچەکە کۆتایی دێت، بەبڕوای ئەو، تائەوکاتەی تارانو واشنتۆن کۆتایی بەم دوژمنایەتییە تێچوە بەرزە نەهێنن، هەمیشە لەلێواری شەڕی خۆکوژیدا دەمێننەوە.
سەبارەت بەڕۆڵی هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان، فەلاحەتپیشه ڕونیکردەوە، ئیسرائیل گەورەترین هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکایەو هەر کاتێک بۆشاییەکی دیپلۆماسی دروستبێت، ئیسرائیل خێرا پڕی دەکاتەوە بۆ تێکدانی هەرجۆرە ڕێککەوتنێک.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو ڕەخنەی لەسیاسەتەکانی چینو ڕوسیا گرتو ڕایگەیاند، ئەوان تەنها بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن؛ تەنانەت لەشەڕەکانی ئەمدواییەشدا هیچ هاوکارییەکی بەرگریی ڕاستەقینەیان پێشکەشی ئێران نەکردوە.
لەبەشێکی گرنگی دیدارەکەى شارپرێس-دا لهگهڵ فەلاحەتپیشه كه دهقهكهى لهبهشى چاوپێكهوتندا بڵاوكراوهتهوه، پرسی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو پێگەی هەرێم تاووتوێکرا، فەلاحەتپیشه جەختیکردەوە، "ئێران لەهەر وڵاتێکی دیکە باشتر دەتوانێت هاوسەنگی لەپەیوەندییە سیاسییو ئابورییەکانیدا لەگەڵ هەردولایەنی سەرەکی هەرێم، واتە پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەپاڵ حکومەتی ناوەندیی عێراقدا ڕابگرێت".
ئاشکراشیکرد، قەبارەی پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق چەند هێندەی پەیوەندییە بازرگانییەکانییەتی لەگەڵ تەواوی 28 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپاو سەرنجڕاکێشتر لەوەش، زۆرینەی هەرە زۆری ئەم پەیوەندییە ئابورییانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندایە.
فەلاحەتپیشه هۆکاری ئەم پێکەوەبەستراوە بەهێزەی بۆ ڕەگو ڕیشەی ئیکۆلۆژیی، زمانی هاوبەشو خزمایەتی بنەماڵەیی کوردی هەردوو دیوی سنور گەڕاندەوە، داواشیکرد، "پێویستە ئەم پەیوەندییە کولتورییو ئابورییانە لەئاستی میللیو ناحکومیدا زیاتر گەشەیان پێبدرێتو ڕێگریی لەهەرجۆرە بیرۆکەیەکی کۆنی سیاسی بکرێت کە بیەوێت جیاوازیی لەنێوان کوردانی ئێرانو هەرێمی کوردستاندا دروستبکات".
