شارپرێس:
ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی ئەمنیی جیهانیی بەپەلەو فرە ڕەهەندی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی ئەمریکی دەرکرد، بەهۆی ئەوەی بارودۆخی ئێستا بە"زۆر ئاڵۆز" وێنا دەکات، دهشڵێت، "ئەگەری ڕودانی گرژییەکی چاوەڕواننەکراو لەئارادایە، ئەمەش لەپاش بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگریی کە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەری هەیە ئێران بەرژەوەندییەکانی دیكهى ئەمریکا لەدەرەوەو لەسەر ئاستی جیهان بکاتە ئامانج".
ئەم بەیاننامە ئەمنییە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاسایشی نیشتمانیو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەرکراوە، ئاشکرایدەکات، "چیتر هەڕەشەکان تەنها لەسەر ناوچە گرژەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەتیس نین، ڕەنگە ئێران بەرژەوەندییەکانی دیكهى ئەمریکا لەدەرەوە، لەسەرتاسەری جیهاندا بکاتە ئامانج".
لەو ڕوهشهوه نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان داوایان لەهاوڵاتیانی ئەمریکی کردوە کە لەوپەڕی ئامادەباشیو وشیاریدابن، پێداچونەوە بەپلانەکانی گەشتکردنیاندا بکەنو دوربکەونەوە لەکۆبونەوە گەورەکان یان ئەو شوێنانەی کە بەهەبونی ئەمریکییەکان دەناسرێنەوە.
ئەم ئاگادارکردنەوە جیهانییە لەدوای شەپۆلێک لەگرژیی سەربازیی ڕاستەوخۆ دێت، لەوانەش هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا (وەک بنکەی موەفەق ئەلسەڵتی لەئوردن)و ئاڵوگۆڕی هێرش لەنێوان واشنتۆن، تارانو هاوپەیمانەکانیاندا.
ئەم ئاگاداركردنهوهیه نیشانیدەدات کە هەڕەشەکە لەسنوری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لایداوەو گۆڕاوە بۆ هەڕەشەیەکی جیهانیی نێودەوڵەتی کە سنورەکان دەبەزێنێتو ئەگەری هەیە باڵیۆزخانەو کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهاندا بگرێتەوە.
لەچوارچێوەی ئەم هۆشدارییەدا، نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهاندا ئاستی ئامادەباشی ئەمنیی خۆیان بۆ بەرزترین قۆناغ ڕاگەیاندوەو ڕێکارە نوێیەکانیش بریتیین لەزیادکردنی گەڕانە ئەمنییەکان، توندکردنی پاسەوانی دەوروبەری دامەزراوە هەستیارەکانو هەماهەنگی چڕ لەگەڵ دەزگا ئەمنییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانەی کە میواندارییان دەکەن.
هاوکات کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکانی سەر بەکەرتی ئەمریکی ئامۆژگاری هاوڵاتیانی خۆیان کردوە کە پرۆتۆکۆلەکانی پاراستنیان نوێ بکەنەوەو لەهاتوچۆی ناپێویست لەو ناوچانەی کە هێڵکاری ئەمنی بەرزباڵایان هەیە، دوربکەونەوە.
سەرچاوەکان پشتڕاستیدەکەنەوە کە واشنتۆن لەڕێگەی ئەم هۆشدارییە ئاشکرایەوە هەوڵدەدات بگات بەدوو ئامانج، یەکەم، پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی لەدەرەوەی وڵات؛ دوەمیش ناردنی پەیامێکی توندی ڕێگریی بۆ تاران کە تێیدا ڕونیکردوەتەوە، هەر فراوانکردنێکی بازنەی هێرشەکان، بەوەڵامێکی یەکلاکەرەوەو گشتگیر ڕوبەڕوو دەبێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی کۆتایی دەبینرێت بۆ شکاندنی زنجیرەی توندوتیژییە یەک لەدوای یەکەکانی نێوانیان، پێشئەوەی کۆنترۆڵ لەدەستبچێتو ناوچەکەو جیهان بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی فراوانتر پەلکێش بکات.
