شارپرێس:
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی
ئەمریکا هۆشداریدایە ئێران کە لەئەگەری کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکیدا دەبێت
"باجەکەی بەچەند هێندە" بدات؛ هاوکات دڵنیاییشیدا کە بنیامین ناتانیاهۆ
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەکاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ ئەمریکا ڕوبەڕوی هیچ
جۆرە دەستگیرکردنێک نابێتەوە.
ترهمپ جەختیکردەوە،
ناتانیاهۆ لەکاتی بەشداریکردنی لەکۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لەنیویۆرک
دەستبەسەر ناکرێت؛ ئەمەش دوای ئەوەهات کە زەهران مەمەدانی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک
ڕایگەیاندبوو، تاووتوێی ئەگەری ئەنجامدانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکات.
مەمەدانی دانی بەوەدانابوو،
دڵنیانییە لەوەی دەسەڵاتی یاسایی هەبێت فەرمان بەپۆلیس بکات بۆ دەستبەسەرکردنی سەرکردەیەکی
بیانی، بەڵام ئاماژەی بەوەکردبوو، لەگەڵ تیمی یاسایی خۆیدا سەرقاڵی ڕاوێژکارییە بۆ
تاووتوێکردنی ئەگەری هاوێشتنی ئەم هەنگاوە لەکاتی بەڕێوەچونی کۆبونەوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان
لەمانگی ئەیلولدا.
ترهمپ لەپۆستێکدا لەتۆڕی
کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال نوسیویەتی، "بنیامین ناتانیاهۆ بەهیچ شێوەیەک لەکاتی
مانەوەی لەئەمریکا دەستگیرناکرێت".
ئەم کێشمەکێشە یاساییە
لەکاتێکدایە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC)
لاهاى لەساڵی 2024دا ڕایگەیاندبوو، بەڵگەی پێویستی لەبەردەستە کە دەیسەلمێنن ناتانیاهۆ
بەرپرسیارە لەئەنجامدانی تاوانی جەنگو تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی، ئەمەش بەهۆی هێرشەکانی
ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لەدوای ڕوداوەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023.
لاى خۆیشیهوه مەمەدانی
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاندبوو، "پێموایە شوێنی
ڕاستەقینەی ناتانیاهۆ دادگای لاهایه، چونکە ئەو تاوانبارێکی جەنگە"، لەبەرامبەردا،
نوسینگەی ناتانیاهۆ ئەم لێدوانانەی سەرکۆنەکردو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە"دادگایەکی
کارتۆنی" ناوهێنا کە هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی بەسەر ئەمریکییەکان یان ئیسرائیلییەکاندا
نییە.
لەبەشێکی دیكهى لێدوانەکانیدا،
ترهمپ سەبارەت بەگرژییەکانی لەگەڵ ئێران وتی، "هەر جارێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی
بکوژێت، باجەکەی بەچەندین هێندە دەداتەوە"، ئەم هەڕەشەیەی ترهمپ دوای ئەوەدێت،
واشنتۆن لەچەند ڕۆژی ڕابردودا کوژرانی چەند سەربازێکی خۆی لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا
ڕاگهیاند، لهو ڕوهشهوه ترهمپ ئاشکرایکرد، ڕێنمایی ڕونی ئاڕاستەی پیت هیگسێت
وەزیری بەرگریی، ژەنەراڵ دانیال کین سەرۆکی ئەرکانی سوپاو فەرماندە باڵاکانی دیكه
کردوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.
