ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن: هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ڕێگرنین لەوەڵامە کوشندەکانی ئێران

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی كه‌ناڵی سی ئێن ئێن، له‌ كاتی ئاڵوگۆڕی هێرشه‌ ئاسمانیی و مووشه‌كییه‌كانی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران بۆ نۆیه‌م شه‌وی له‌سه‌ریه‌ك، تاران توانای خۆڕاگریی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی توندی واشنتۆندا سەلماندووە و هێشتا به‌ توندییەک وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ كه‌ سوپای ئه‌مریكا له‌ ڕۆژانی یه‌كه‌می جه‌نگه‌كه‌وه‌ نەیبینوە.

 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشە مووشەکیی و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و عێراق، بوونەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 3 سەربازی ئەمریکی و وندبوونی سەربازێکی دیکە و برینداربوونی چەندین کەسی تر. 

وێڕای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) زیانە مادییەکانی ڕانەگەیاندووە، بەڵام تاران بناگەشەی ئەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆر لە هۆلیکۆپتەرەکانی بڵاک هۆکی ئەمریکی تێکشکێندراون و زیانی گەورەش بە ژێرخانی سەربازگەکان، وەک پەناگەی فڕۆکەکان، کەوتووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوو کە لە کاتێکدا ئەمریکا ژێرخانی ئێران وەک پرد، بەندەر و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە دەکاتە ئامانج، وڵاتانی کەنداو وەک کوێت و بەحرێن کە سەربازگەی ئەمریکییان لێیە، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە تووشی زیان بوونەتەوە.

هەروەها سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕاگەیەندراوێکی درەنگانی شەوی یەکشەممەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکادا هاتووە لێدانەکان بۆ لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران بەردەوامن، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەمریکا تواناکانی ئێرانی بە جۆرێک کەم کردبێتەوە کە کۆتاییی شەڕەکە نزیک بێت.

پسپۆڕان لە مانگی ئایاردا بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندبوو کە ڕەنگە ئێران هێشتا 1000 مووشەک و هەزاران درۆنی لە کۆگاکانی ژێر زەویدا مابێت. تەنانەت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بەرنامەی "The Joe Rogan Experience" دانی بەوەدا نا کە تەنها هێرشی ئاسمانی بەس نییە بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز و گوتی: "دەتوانیت بۆردومانیان بکەیت و ڕادار و مووشەکیان تێکبشکێنیت، بەڵام تەقەکردن لە کەشتییەکان لە تەنگەکەدا زۆر ئاسانە." 

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە ئێران سەلماندوویەتی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی هەمان مەترسیی کوشندە بوونەتەوە.