کۆمیسیۆن بەفەرمی بڕیاریدا و هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی گۆڕان دوبارە دەکرێتەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و داوا دەکات وادەیەک بۆ دوبارە هەڵبژاردنەوەی رێکخەرێکی نوێ دیاری بکرێت.

بەگوێرەی نوسراوێکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق کە رێککەوتی دوێنێ دوشەممە، 20ی 7ی 2027ی لەسەرە، بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دانای ئەحمەد مەجید لە دوایین کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان کە رۆژی 16ی 2ى 2026 لەشاری کەرکوک بەڕێوەچوو.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەپێی بڕیاری ژمارە 13ی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان کە لە 23ى 4ى 2026 دەرچوو، ناوی دانا ئەحمەد مەجید لە ئەندامێتی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆران سڕدراوەتەوە.

لەنوسراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" فەرمانگەی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکان راسپێردراون کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی نوێی حزبەکە دیاری بکرێت ".

بەم پێیەش بێت سەرکردایەتی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان و پەیڕەوی پەسەندکراوی کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمسیۆنەوە جێگیرکراون و بزوتنەوەکە پابەندکراوە بە ئەنجامدانەوەی کۆنفرانسێک تەنها بۆ هەڵبژاردنەوەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە.