تاران ئامادەیە تەنانەت خاکی خۆشی بۆ لێدانی دوژمن بۆمباران بکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی سوپای پاسدارانى ئێران هۆشداریدا کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا هەر بەشێک لە خاکی ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن، تاران ئامادەیە تەنانەت خاکی خۆشی بۆ لێدانی دوژمن بۆمباران بکات.


ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دەکرێن کە گفتوگۆکان دەربارەی ئەگەری هێرش زەمینی لەلایەن هەردوو لاوە لەزیاد بوندایە، ئەوەش نیگەرانییەکان بۆ بەرفراوان بونى شەڕ بۆ تەواوی ناوچەی کەنداوى بەرز کردووەتەوە.

جەنەڕاڵ محەممەد ئەکرەمینیا، وتەبێژی سوپای پاسداران ئێران، لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتی: کاتێک دوو وڵات لە شەڕدان، بۆ ئەوەى زیان بە دوژمن بگەیەنێت، ناچار دەبیت تەنانەت خاکی خۆشی بکاتە ئامانج، ئەمە لۆژیکی شەڕە.

وتەبێژی سوپای پاسداران ئێران وتیشی،" ئەگەر ئەمریکاییەکان پێیان بخەنە سەر یەکێک لە درگەکانی ئێمە، بە دڵنیاییەوە لە ناو خاکی خۆمان دەیانکەینە ئامانج، جا چ بگاتە ئەوەی لە خاکی وڵاتانی تر بن ".
شایانى باسە کە چەند پەرلەمانتارێکی ئێران داوای ئەوەیان کردوە کە سەربازانی ئەمریکا بە دیل بگیرێن، هەروەها داواى ئەنجدامدانى هێرشی زەمینی بۆ سەر کوەیت و بەحرەین دەکەن.

لە هەمان کاتدا، گفتوگۆکان دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنى زەمینی لەلایەن هەردوو لاوە و ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی دورگەی خارگ گەیشتوەتە ئاستێکی بەرز، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران چونەتە ڕۆژی دەیەمەوە.

چاوەڕوان دەکرێت دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕۆژانی داهاتودا بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەردەوامبونی هێرشەکان بدات؛ لە ئێستادا ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنى زەمینی یان کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ئاشکرا باس دەکرێت.