شارپرێس:
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا
دەستبەجێ فرۆشتنی سیمکارت لە شوێنە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان رابگیرێت، دەشڵێت،
ئەو بڕیارە کاتییە و بەهۆی سکاڵای هاوڵاتییانەوە بوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لەڕاگەیەنراوێكدا
ئاماژەی بەوەکرد،" بەبڕیاری بەلیغ ئەبو کلل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری
دەستەکە، فرۆشتنی سیمکارتی مۆبایل لەسەرجەم بریکار و شوێنەکانی فرۆشتنی سیمکارت لە
پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتیی راگیرا و تەنها لە ناوەندە
سەرەکییەکانی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان دەفرۆشرێت ".
ئەوەشیخستەڕوو، ئەم بڕیارە کاتییەو تاکو کۆتاییهاتنی رێکارەکانی
رێکخستنەوە و پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی و ئەمنی جێبەجێ دەکرێت.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان باسی لەوەشکرد، ئەم
بڕیارە دوای ئەوە هات کە چەند سکاڵایەکمان بەدەست گەیشت، کە باس لەوەدەکرا کۆمەڵێک
هاوڵاتی بەبێ ئاگاداریی و رەزامەندی خۆیان سیمکارتیان بەناوەوە کراوە، ئەوەش
لێککەوتە و زیانی یاسایی و دارایی و کۆمەڵایەتی بەدواوە دێت.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەشڵێت، ئەو
رێککارە ئامانج لێی سنوردارکردنی بەدەستگەیشتنی سیمکارت بۆ هاوڵاتییان نییە، بەڵکو
بۆ ئەوەیە دڵنیایی بدرێت لەوەی سەرجەم سیمکارتەکان بەپێی رێکارە یاسایی و
هونەرییەکان بفرۆشرێن و رێگری بکرێت لە حاڵەتەکان ساختەکردن و خراپ بەکارهێنانی
ئەو خزمەتگوزارییانە.
